فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی سەردانێکی زانستییان بۆ “سەنتەری گەنجانی هەولێر” ئەنجام دا
فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بەشی پەروەردەی گشتی (لقی زمانی ئینگلیزی – ELT) لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 07/10/2026، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ سەنتەری گەنجانی هەولێر (Youth Hub Erbil) ئەنجام دا.
سەردانەکە بە سەرپەرشتیی هەریەک لە دکتۆرە ڕۆژان عەلی خدر و، مامۆستا شێرین لطیف علی زاده بەڕێوەچوو، لە دەستپێکی سەردانەکەدا، شاندی زانکۆ بە گەرمی لەلایەنزەهرە جەمال و تانیا عەبدولڕەحمان نوێنەرانی سەنتەرەکە، پێشوازییان لێکرا.
پاشان تانیا عەبدولڕەحمان هاوڕێیەتی فێرخوازانی کرد بۆ ئاشنابوون بە تەواوی بەشەکانی سەنتەرەکە، کە تێیدا ڕوونکردنەوەیەکی ورد و تێروتەسەلی لەبارەی سروشتی هەر بەشێک و گرنگییەکەی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هاوکات تیشکى خستە سەر میکانزم و کاتە گونجاوەکان، کە فێرخوازان بۆ پەرەپێدانی بەهرەکانیان و گەشەپێدانی لێهاتووییەکانیان دەتوانن سوود لەم بەشانه وەربگرن.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکاندا، نوێنەرانی سەنتەرەکە ڕوونکردنەوەیەکى وردیان لەبارەی سیستمی ئەندامێتیی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، لەگەڵ ئاماژەکردن بە چەندین لایەن و ئەرک و کارەکانى سێنتەرەکە، بۆ ئەوەش مامۆستایانى سەرپەرشتیار سوپاسى ستافى سەنتەرەکەیان کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە و باسکردنى ئەرک و کارەکانیان بە فێرخوازان.
