
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 19, 2026
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێککەوتی 18ـی تشرینی دووەمی 2026، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر ئەحمەد جەمال حەمەکەریم، گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێهەم و چوارەمی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیان کرد و، لە سەرەتای سەردانەکەدا، شاندی بەشی ڕاگەیاندن لەلایەن ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و هندرێن ئەحمەد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بەخێرهاتنی شاندی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد و خۆشحاڵیی خۆی بە ئەنجامدانی ئەم سەردانە دەربڕی. لە قسەکانیدا، باسی لە زیادبوونی ژمارەی بەشەکانی ڕاگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بە گرنگیی ئەم پەرەسەندنە دا لە ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووسانی ئەکادیمی و پیشەیی. هەروەها، جەختی لەسەر گرنگیی پەیوەندی و هاوکاریی نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کردەوە، بە مەبەستی پەرەپێدانی تواناکانی قوتابیان و ئامادەکردنیان بۆ چوونە ناو بازاڕی کاری میدیایی.
دواتر، هندرێن ئەحمەد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی کار و ئەرکەکانی سەندیکا و ڕۆڵی لە داكۆكیکردن لە مافە پیشەیی و یاساییەکانی ڕۆژنامەنووسان پێشکەش کرد. لەو چوارچێوەیەدا، باسی لە هەوڵەکانی سەندیکا بۆ دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و تەندرووستی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە سەندیکا کار دەکات بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان، وەک فەرمانبەرانی دەوڵەت بتوانن سوود لە ماف و شایستە دارایی و کۆمەڵایەتییەکان وەربگرن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هندرێن ئەحمەد جەختی لەسەر گرنگیی شارەزابوونی ڕۆژنامەنووسان لە یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان بە کاری ڕۆژنامەوانی کردەوە و ڕوونی کردەوە کە ناسینی ماف و ئەرکە یاساییەکان یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی کاری پیشەیی لە بواری ڕاگەیاندندا. هەروەها، گرنگیی بەکارهێنانی درووست و هۆشیارانەی تەکنەلۆژیا نوێیەکانی لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە خستەڕوو و ئاماژەی بە پێویستیی خۆگونجاندنی ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی بواری میدیا دا.
لە هەمان کاتدا، جەختی لەسەر گرنگیی شارەزابوونی ڕۆژنامەنووسان لە زمانی کوردی کردەوە، وەک یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی کاری ڕۆژنامەوانیی کوردی، هەروەها هانی قوتابیانی دا بۆ فێربوونی بەلایەنی کەمەوە یەکێک لە زمانە جیهانییەکان، بە مەبەستی فراوانکردنی زانیاری و تواناکانیان لە بواری ڕاگەیاندندا.
لە بەشێكی دیكەدا، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن پرسیار و سەرنجەکانی خۆیان دەربارەی کاری ڕۆژنامەوانی، ماف و ئەرکەکانی ڕۆژنامەنووسان و ڕۆڵی سەندیکا لە پشتیوانیکردنیان ئاڕاستەی هندرێن ئەحمەد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کرد. هەروەها گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوون لەنێوان فێرخوازان و سکرتێری سەندیکادا بەڕێوەچوو، کە تێیدا وەڵامی پرسیارەکانی فێرخوازان درایەوە و ڕوونکردنەوەی زیاتر دەربارەی پێداویستی و ئاستەنگەکانی کاری ڕۆژنامەوانی پێشکەش کرا.
لە ماوەی سەردانەکەدا، بەرپرسانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر دەربڕی. لەو چوارچێوەیەدا، سەندیکا بەڵێنی دا بە كردنەوەی خولی ڕاهێنانی تایبەتمەندی بۆ فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بە مەبەستی پەرەپێدانی لێهاتووییە پیشەییەکانیان و ئاشناکردنیان بە پێداویستییەکانی کاری ڕۆژنامەوانی.
هەروەها بەڵێنیان دا ئاسانکاریی پێویست بۆ فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بڕەخسێنن، بۆ ئەوەی بتوانن ببنە ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و سوود لە دەرفەتە پیشەییەکانی ئەندامێتی وەربگرن. ئەم هاوکارییانە دەرفەتێکی گرنگ بۆ فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن دەڕەخسێنن، تا هاوكات لەگەڵ خوێندنی ئەکادیمی، ئەزموونی کرداری و پیشەیی بەدەستبهێنن و زیاتر ئاشنای ژینگەی کاری ڕۆژنامەوانی ببن.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر ئەحمەد جەمال حەمەکەریم، مامۆستای سەرپەرشتیاری گەشتەکە، بە ناوی سەرۆکایەتیی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی ئازاد حەمەئەمین و هندرێن ئەحمەد کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان و ئامادەیی سەندیکا بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ بەشی ڕاگەیاندن.
You may also like


