
فێرخوازانی بەشی ژمێریاری لە سەردانێکی زانستیدا ئاشنای کارە بانکییە سەردەمییەکانی بانکی یەکەمی عێراق (FIB) لە هەولێر دەبن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 23, 2026
ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 23ی تشرینی دووەمی 2026، بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستیی بۆ ژمارەیەک لە فێرخوازانی بەشەکە بۆ بانکی یەکەمی عێراق (FIB) لە هەولێر ڕێک خست، ئەم چالاکییە زانستییەش بە سەرپەرشتیی مامۆستا ڕێبین بیلال محەممەد بەڕێوە چوو.
لە میانەی سەردانەکەدا، فێرخوازان لەلایەن محەممەد فازڵ سابیر بەرپرسی کۆمپانیاکان لە بانکی یەکەمی عێراق (FIB) لە هەولێرەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا، کە تێیدا بەرچاوڕوونییەکی زانستیی پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، ئاماژەى بە هەیکەلی ڕێکخستنی بانکەکە، خزمەتگوزارییە دارایییە سەرەکییەکان کرد، لەگەڵ خستنەڕووى ڕۆڵی بنەڕەتی کارە بانکییەکان لە پاڵپشتیکردنی کڕیارانی تاک و، کەرتەکانی کاردا.
ئاشنابوون بە سیستمە دیجیتاڵییە یەکگرتووەکان و، ڕێکارەکانی بەڕێوەبردنی هەژمار و کۆنترۆڵی ناوخۆیی بەشێکى دیکەى سەردانەکەى پێکهێنا، بۆ ئەوەش محەممەد فازڵ سابیر ڕێکارەکانی بەڕێوەبردنی هەژمارەکان، پڕۆسەکانی قەرز و متمانە، خزمەتگوزارییە بانکییە ئەلیکترۆنییەکان و، سیستمەکانی کۆنترۆڵی ناوخۆییی بانکەکەی بۆ فێرخوازان شیکردەوە، کە بۆ دەستەبەرکردنی وردبینی، ئاسایش و، پابەندبوون بە ڕێنمایییە یاسایییەکان داڕێژراون.
هەروەها تیشکی خستە سەر چۆنیەتیی پشتبەستنی بانکە سەردەمییەکان بە سیستمە دیجیتاڵییە یەکگرتووەکان بۆ تۆمارکردنی مامەڵە دارایییەکان، بەڕێوەبردنی داتای کڕیاران و، پاڵپشتیکردنی بڕیاردانی دارایی.
سەرەڕای ئەمانە، بەرپرسی کۆمپانیاکان لە بانکی یەکەمی عێراق (FIB) لە هەولێر لە میانەى گفتوگۆکردنى لەگەڵ فێرخوازان باسى لە چۆنیەتی چاودێریکردنی مەترسییە دارایییەکان لەلایەن بانکەوە، پاراستنی شەفافیەت و، ئامادەکردنی ڕاپۆرتە دارایییەکان بەپێی بنەما ژمێریارییەکان کرد، هاوکات جەختی لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە ڕەفتارە پیشەیی و، ئەخلاقییەکان لە ناو کەرتی بانکیدا کردەوە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی محەممەد فازڵ سابیر کرد لە بەرامبەر پێشوازیی گەرم، هاوکاری و، ڕوونکردنەوە بەنرخەکانی بۆ فێرخوازانی بەشی ژمێریاری.
You may also like
فێرخوازانی بەشی ژمێریاری سەردانێکی زانستی بۆ بانکی قەڵات لە هەولێر ئەنجام دەدەن
فێرخوازانی بەشی ژمێریاری سەردانێکی زانستی بۆ بانکی نیشتمان ئەنجام دەدەن
