فێرخوازانی بەشی گرافیک دیزاین گەشتێکی زانستییان بۆ ناوەندی گەنجان (Youth Hub) ئەنجام دا
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 21-4-2026، گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێهەمی بەشی گرافیک دیزاین لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (احمد جمال حمەکریم)، گەشتێکی زانستییان بۆ ناوەندی گەنجان (Youth Hub) لە شاری هەولێر ڕێکخست، کە وەک یەکێک لە ناوەندە هەرە پێشکەوتوو و مۆدێرنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پەرەپێدانی توانا داهێنەرەکان دەناسرێت.
لەم گەشتەدا، فێرخوازان لەلایەن (عەلی عومەر) بەڕێوەبەری کارگێڕیی ناوەندەکەوە پێشوازییان لێ کرا. ناوبراو وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە سەردانی فێرخوازانی بەشی گرافیک دیزاین، تیشکی خستە سەر گرنگی ئەم ناوەندە بۆ گەنجانی خاوەن بەهرە. پاشان فێرخوازان بەشە جیاوازەکانی ناوەندەکەیان بەسەرکردەوە، لەوانە: (ستۆدیۆی پۆدکاست، گەلەری و پێشانگای کارە هونەرییەکان، تاقیگەی کۆمپیوتەر و ژوورەکانی ڕاهێنان و گفتوگۆ)، کە ژینگەیەکی لەبارن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە گرافیکی و هونەرییەکان.
لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، بەڕێوەبەری کارگێڕی ناوەندەکە ڕوونکردنەوەی پێویستی دا دەربارەی ئەو خزمەتگوزاری و دەرفەتانەی کە ناوەندەکە بۆ داهێنەران و دیزاینەران دەیڕەخسێنێت، بەتایبەت لە ڕووی دابینکردنی شوێنی کار و ئامڕازی مۆدێرن بۆ پەرەپێدانی نوێگەریی و درووستکردنی پەیوەندیی پیشەیی. فێرخوازانی بەشی گرافیک دیزاین لە ڕێگەی پرسیارەکانیانەوە، باسیان لە چۆنییەتی بەکارهێنانی ئەم ناوەندە کرد وەک سەکۆیەک بۆ نمایشکردنی کارەکانیان و سوودوەرگرتن لە تاقیگەکان بۆ کارە پراکتیکییەکانیان.
لە کۆتایی گەشتەکەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی (عەلی عومەر)ی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و ئاشناکردنی فێرخوازان بەم ناوەندە ستراتیژییە.





