Back

فێرخوازێکی بەشی زانستی کۆمپیوتەر بەشدارییەکى کارا لە ناساندنى ئەپڵیکەیشنی حکومیی دیجیتاڵی (KRDPass) کرد

فێرخواز دیار ئیسکەندەر سلیم، لە قۆناغی چوارەم لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەشدارییەکى لە ناساندنى ئەپڵیکەیشنی حکومیی دیجیتاڵی (KRDPass) کرد.

ئەپڵیکەیشنی حکومیی دیجیتاڵی (KRDPass)، سەربە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر لەماوەى ڕۆژانى پیشانگەى (HITEX 2026)  ڕوونکردنەوەی وردى لەبارەى ئەپڵیکەیشنەکە پێشکەش بە سەردانیکەران کرد و، بەوردى باسى لەو خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنیانە کرد، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەپڵیکەیشنەکەوە پێشکەشى هاوڵاتیانى دەکات.

لەو چوارچێوەیەشدا دیار ئیسکەندەر سلیم وتى: لە ئێستادا ئەپڵیکەیشنی حکومیی دیجیتاڵی (KRDPass) جگە لە پاراستنى بەڵگەنامە فەرمییەکان، هاوکات کۆمەڵێک کارى بە ئەلیکترۆنی لە خۆگرتووە، وەک مۆڵەتی شۆفێری، لەگەڵ هاوکاریکردنی ڕاستەوخۆ لە دەرکردنی “ژمارەی کەسیی بێوێنە” (UPN)، ئەنجامدانی مامەڵە حکومییەکانی وەک خۆتۆمارکردن بۆ حەج، دامەزراندنی کۆمپانیاکان و پێدانی دیجیتاڵی. ڕاشگەیاند: لە داهاتویەکى نزیکدا ئەپڵیکەیشنی حکومیی دیجیتاڵی (KRDPass) کۆمەلێک خزمەتگوزارى دیکە پێشکەش بە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان دەکات.

لە ماوەی نێوان ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 06/10/2026 تاوەکو ڕۆژی هەینی ڕێککەوتی 09/10/2026، لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە شاری هەولێر ؛ پیشانگەى (HITEX 2026) بۆ تەکنەلۆجیا بەڕێوەچوو و، دەیان کۆمپانیا و دامەزراوەى بوارى تەکنەلۆژیا بەشدارییان تێدا کرد.