Back

فێرخوازێکی کۆلێژی دەرمانسازی بەشداری لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی جێبەجێکردنەکانی ژیریی دەستکرد دەکات

لە ماوەی نێوان (2026/10/9-6)، ئاڤان ئەحمەد ئیبراهیم، فێرخوازی قۆناغی چوارەم لە کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداری لە چالاکییەکانی پیشانگەی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیا (HITEX 2026) کرد .

 

لە ماوەی چوار ڕۆژی چالاکییەکەدا، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر پاڵپشتیی ڕێکخستن و لوجستیی بۆ تیمی Omni دابین کرد و، بەشدار بوو لە پێناسەکردنی سەکۆی ژیریی دەستکردی Omni و ناساندن و شیکردنەوەى تایبەتمەندییە سەرەکییەکان و سوودە شیاوەکانی سەکۆکە بۆ سەردانیکەرانی پیشانگەکە، بەتایبەت لە دۆزینەوەی هەلی کار بە هۆی ژیریی دەستکرد، ئامادەکردنی CV، بەدواداچوونی داواکارییەکانی کار و ڕاهێنانی چاوپێکەوتنەکان.

 

بەشداریکردنى ئاڤان ئەحمەد ئیبراهیم، لەم چالاکیە فراوانەدا بووە دەرفەتێکی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی شارەزایی لە کاری بەکۆمەڵ، پەیوەندیکردنی پیشەیی، هەماهەنگیی بۆنەکان و، ئاشنابوون بە ناساندن و پێشکەشکردنی تەکنەلۆجیا دیجیتاڵییە نوێیەکاندا.

 

 

جگە لەوەش بەشدارییەکەى بووە وێستگەیەکى گرنگ بۆ کارلێک لەگەڵ پسپۆڕانی تەکنەلۆجیا، ڕەخسێنەرانی کار، فێرخوازان، دەرچووان و، پیشەوەرانی بوارە جیاوازەکان.  بەتایبەت ئاگاداربوون لە ژیریی دەستکرد و داهێنانی دیجیتاڵی بۆ فراوانکردنى ئاسۆی فێرخوازانی دەرمانسازی بۆ پاڵپشتی لە گەشەپێدانی پیشەیی.