فێستیڤاڵی شەوانەی زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرکەوتویی کۆتایی هات و؛ بووە وێستگەیەک بۆ ئاوێتەبوونى زانکۆ بە کارسازی و داهێنانی گەنجان
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئەیلوول 6, 2026
فێستیڤاڵی شەوانەی زانکۆی جیهان-هەولێر، کە بۆ ماوەی 10 شەوی لەسەریەک بەردەوام بوو، کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا. ئەم ڕووداوە گەورە کەلتوریی و ئابوورییە لە ئێوارەی ڕێککەوتی 27/08/2026 لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر و دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکی دەستەی ئەمیندارییەتی زانکۆ و پەیمانگەكانی جیهان و بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و لێپرسراوانی کارگێڕیی کرایەوە، بووە ناوەندێکی زیندوو بۆ ئاوێزانبوونی ئەکادیمیا و بازاڕ.
فێستیڤاڵەکە تەنها وەک بازاڕێک نەمایەوە، بەڵکو گۆڕا بۆ سیستمێکی هەمەچەشن کە تێیدا نمایشکردنی کارە دەستییەکان، پڕۆژە بچووکەکان و، بەرهەمی کۆمپانیا ناوخۆییەکان لەگەڵ داهێنانی هونەریی و ئەدەبیی یەکتریان گرتەوە. بۆ ئەوەش بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە، کە بەشی زۆریان فێرخواز و دەرچووانی زانکۆ بوون، بە ئاستێکی باڵا کارەکانیان خستە ڕو.
جگە لەوەش؛ لەلایەن چەندین خاوەنکار و هونەرمەند و بەهرەمەند و دیدارە هونەرییەکانیان فێستیڤاڵەکە زیاتر ڕازێندرایەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، چالاکییە کات بەسەربردنەکان وەک کێبڕکێی پلەی ستەیشن، نمایشی فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکان و ئێوارە شیعرەکان، ڕەهەندێکی کەلتوریی قووڵیان بە فێستیڤاڵەکە بەخشیبوو.
لە لایەکی دیکەوە، دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی ئەم دەرفەتەیان بۆ ئاشنابوون بە بەشە زانستییەکان و سیستم و پرۆگرامەکانی خوێندن بەکار هێنا، کە لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی ستافی ئەکادیمیی زانکۆ، توانییان دیدگایەکی ڕوون بۆ ئایندەی خۆیان دروست بکەن.
خاوەن پڕۆژەکان بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە باسیان لە ڕۆڵی پێشەنگانەی زانکۆ کرد؛ ئەوان زانکۆی جیهان-هەولێریان وەک “ماڵێکی گەورە بۆ بەهرەمەندان” وەسف کرد کە هەمیشە ڕێگە بۆ گەنجان خۆش دەکات تا ببنە خاوەنکاری سەربەخۆ.
سەردانیکەران و بەشداربووان و میوانانى شەوانى فێستیڤاڵەکەش ستایشی هەوڵ و کار و چالاکیەکانى سەرۆکایەتیی زانکۆیان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم ژینگە بێوێنەیە، کە متمانەی بە بەرهەمی ناوخۆیی بەخشییەوە و بووە هۆی بوژانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان.
لە میانەى فێستیڤاڵەکەشدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر دووپاتی کردەوە، کە لە پشتگیریکردنی بەهرەمەندان و خاوەن کار و دەرچووان بەردەوام دەبن، فێستیڤاڵەکەش وەک نەریتێکی ساڵانە دەمێنێتەوە بۆ خزمەتکردنی فێرخوازان و تەواوی کۆمەڵگەی کوردستان.



