
لە زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونى بۆ پاڵەوانیەتى شەترەنجى زانکۆکان بەڕێوەچوو
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 10, 2026
ڕۆژى دووشەممە، ڕێککەوتی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەن سەرۆکایەتى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان ئامادەکارییەکان بۆ بەشداریکردنى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵەوانیەتى شەترەنجى زانکۆکان بەڕێوەچوو.
بۆ ئەو مەبەستە، سەرۆکایەتى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان؛ پاڵەوانیەتییەکی ناوخۆیی شەترەنجى لەسەر ئاستی بەشە زانستییەکانی زانکۆی جیهان – هەولێر بە بەشداری زیاتر لە ١٢ قوتابی کردەوە.
ئەم چالاکییە وەرزشییە بە مەبەستی دەستنیشانکردن و دروستکردنی هەڵبژاردەی فەرمی زانکۆی جیهان – هەولێر بوو، تاوەکو بە شێوەیەکی بەهێز نوێنەرایەتی زانکۆ لەو پاڵەوانیەتییە گشتگیرەی شەترەنج بکەن، کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە، ڕێککەوتی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسى لە نێوان هەڵبژاردەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەبچێت.
پاڵەوانێتیە ناوخۆییەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەپێی سیستمی ٧ ڕاوەندی سویسری بەڕێوەچوون، کە تێیدا سەرجەم یاریزانان بەبێ گوێدانە ئەنجامی بردنەوە یان دۆڕاندن ٧ یاری تەواویان ئەنجامدا.
لە ڕاوەندی یەکەمدا فێرخوازان بەپێی تیروپشک یان پلەبەندی سەرەتایی بەرامبەر یەکتر ڕاوەستان، بەڵام لە ڕاوەندەکانی دووەم تا حەوتەمدا بەرەنگاربوونەوەکان بەپێی لەیەکنزیکی کۆی خاڵەکان ڕێکخران، بە جۆرێک براوەکان لەگەڵ براوە و دۆڕاوەکان لەگەڵ دۆڕاوەکان یارییان کرد.
سیستمەکە دەرفەتی بەردەوامبوونی بە هەموو بەشداربووان بەخشی بەبێ ئەوەی دۆڕاندنی یارییەک ببێتە هۆی دەرچوون لە پاڵەوانیەتییەکە.
لە کۆتایی ڕاوەندی حەوتەمیشدا ئەو یاریزانەی زۆرترین خاڵی لە کۆی سەرکەوتنەکان (هەر بردنەوەیەک ١ خاڵ، یەکسانبوون ٠.٥ خاڵ، و دۆڕاندن ٠ خاڵ) کۆکردەوە، وەک پاڵەوانی خولەکە و ئەندامی سەرەکی هەڵبژاردەی زانکۆ دەستنیشانکرا، ئەوانیش بریتین لە:
- خطاب اکرم قادر فێرخوازى قۆناغى دووەم لە کۆلێژى دەرمانسازی.
- علی محمد علی فێرخوازى قۆناغى دووەم لە کۆلێژى دەرمانسازی.
- ڕاستی فؤاد احمد فێرخوازى قۆناغى دووەم لە کۆلێژى دەرمانسازی.
- ئارام ئاراز حسین فێرخوازى قۆناغى دووەم لە کۆلێژى دەرمانسازی.
- احمد اسماعيل فێرخوازى قۆناغى سێیەم لە کۆلێژى ددانسازى.
- علی سورداش حسن فێرخوازى قۆناغى سێیەم لە بەشى ئەندازیاری پڕۆگرامسازی و ئینفۆرماتیک.
- فاطمە فرهاد مصطفى فێرخوازى قۆناغى سێیەم لە بەشى ئەندازیاری پڕۆگرامسازی و ئینفۆرماتیک.
- أنس ئازا احمد فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى ئەندازیاری پڕۆگرامسازی و ئینفۆرماتیک.



