لە زانکۆی جیهان-هەولێر بڕوانامەی خولی چوارەمى پێداگۆجی بەسەر ١٥٣ مامۆستا دابەش کرا
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date حوزهیران 30, 2026
بە ئامادەبوونی دکتۆر ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهان و یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێرى سەر بە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەکادیمیستان؛ لە مەراسیمێکدا بڕوانامەی خولی چوارەمى پێداگۆجی بەسەر ١٥٣ مامۆستاى وەزارەتى پەروەردە و وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى دابەش کرا.
لەو مەراسیمەدا، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) لە هۆڵى کۆنفرانسىەکان لە زانکۆی جیهان-هەولێر مەراسیمێکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و مارشی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” دەستی پێکرد، پاشان چەند وتارێک بەو بۆنەیەوە پێشکەش کران.
لەسەرەتادا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، لە وتارێکدا دەستخۆشی لە مامۆستایانی بەشداربوو کرد و، ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ چوار ساڵی بەردەوام پابەندی ئەو ڕێککەوتننامەیە بووە ،کە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە واژۆیان کردووە. جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە مامۆستا نابێت لە خاڵێکدا ڕابوەستێت، بەڵکو دەبێت بەردەوام پەرە بە تواناکانی بدات، چونکە مامۆستایەتی بەرپرسیاریەتییەکی مەزنە کە ئەرکی دروستکردنی داهاتووی نیشتمانی لەسەر شانە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ پێشنیازێکی ستراتیژی ئاراستەی وەزارەت کرد و ڕایگەیاند: “پێویستە پڕۆسەی پێگەیاندنی مامۆستا بە جۆرێک بێت کە دوای تەواوکردنی کۆلێژ، ساڵێک دبلۆمی پسپۆڕی لە بواری پەروەردە و ڕێگەکانى وانەوتنەوە وەربگرێت، ئینجا وەک مامۆستایەکی لێهاتوو بچێتە ناو هۆڵەکانی خوێندن.” لە کۆتایی وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسی پاڵپشتییەکانی وەزیری پەروەردە و سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانى جیهانى کرد بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە زانستییە نیشتمانییە و، پیرۆزبایی لە مامۆستایانى بەشداربوش کرد.
لای خۆیەوە، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهان، لە وتارێکدا تیشکی خستە سەر خێرایی هەنگاوەکانی زانست و پێویستیی ئاشنابوونی مامۆستا بە تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد (AI)، بۆ ئەوەش ئاماژەی بەوە کرد کە نەوەکانی ئێستا (زێت و ئەلفا) لە تەمەنێکی پێشوەختەوە لەگەڵ ئایپاد و تەکنەلۆژیا گەورە دەبن، هەر بۆیە مامۆستا دەبێت ببێتە هاوبەشێکی مەعریفیی قوتابی و فێربوونی ئامرازە دیجیتاڵییەکان بە ئەرکی خۆی بزانێت. دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر دووپاتی کردەوە کە فێربوون شەرم نییە، بەڵکو نەزانین و دواکەوتن لە کاروانی تەکنەلۆژیا لە سەردەمی ئێستادا گەورەترین ئاستەنگە لە بەردەم گەشەی وڵات.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستخۆشی لە زانکۆی جیهان-هەولێر کرد، کە وەک دامەزراوەیەکی پێشەنگی کەرتی تایبەت ڕۆڵێکی کارا لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی مامۆستایانی حکومی دەگێڕێت. وەزیرى پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم ڕاهێنانە بۆ ١٥٣ مامۆستا، هەنگاوێکی گرنگە بۆ نوێکردنەوەی سیستمی پەروەردە، چونکە پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک بەندە بە ئاستی مامۆستاکانییەوە. هەروەها ستایشی ئەو ژینگە ئەکادیمییە ئاستبەرزەی کرد، کە زانکۆکە بۆ فێربوون و ڕاهێنان فەراهەمی کردبوو.
مەراسیمەکە بە دابەشکردنی بڕوانامەی تەواوکردنی خولەکە لە لایەن وەزیری پەروەردە و سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر و سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، مامۆستایانى و سەرپەرشتیارانى خولەکە بەسەر مامۆستایانى بەشداربوو کۆتایی هات. مامۆستایانی بەشداربوو لای خۆیانەوە سوپاسی زانکۆی جیهانیان کرد بۆ ئەو ٤٥ ڕۆژەی تێیدا ئاشنای نوێترین میتۆدە زانستییەکان بوون و، جەختیان کردەوە کە ئەم ئەزموونە دەبێتە مایەی نوێکردنەوەی وزە و پێشکەشکردنی پەروەردەیەکی باشتر بە منداڵانی کوردستان.
لە (ڕاوەندی چوارەم) پێداگۆجی، کە بۆ ماوەی شەش هەفتە بەردەوام بوو، تێیدا ١٥٣ مامۆستای میلاکی وەزارەتی پەروەردە و، پەیمانگە و سەنتەر و خانەکانی بێ سەرپەرشتانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێرى سەر بە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى ڕاهێنانی چڕیان لەسەر شێوازە مۆدێرنەکانی وانەوتنەوە و بنەماکانی پێداگۆجی بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى وەرگرت.



