لە فێستیڤاڵی شەوانەى زانکۆی جیهان-هەولێر؛ دەرچووانی پۆلی دوازدە دەتوانن هەنگاو بەرەو ئایندەیەکی گەش بنێن و، بەشە دڵخوازەکانی خۆیان هەڵبژێرن.
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئەیلوول 1, 2026
فێستیڤاڵی شەوانەی زانکۆی جیهان-هەولێر، لە پاڵ لایەنە کەلتوری و کارسازییەکەی، بووەتە دەرفەتێکی زێڕین و بێوێنە بۆ دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی، تاوەکو لە نزیکەوە و لە ناو ژینگەی زانکۆدا ئاشنای بەشە زانستییەکان و داهاتووی پسپۆڕییەکانیان بن.
ئەم چالاکییە وەک پردێکی زانیاریبەخش خزمەت بە دەرچوانى پۆلى دوانزدە دەکات، کە لەم قۆناغە هەستیارەی ژیانیاندا بەدوای هەڵبژاردنی گونجاوترین بەشی زانستیدا دەگەڕێن بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا، چونکە سەرجەم کۆلێژ و بەشە زانستییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بە درێژایی شەوانی فێستیڤاڵەکە، لە ئامادەباشی تەواودان بۆ پێشوازیکردن لە دەرچووان و کەسوکارەکانیان. سەرۆک بەشەکان و ستافی زانستی لەگەڵ ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغە جیاوازەکان، لە بەشى تایبەت لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی زانیارى و وردەکاریی تەواو دەربارەی سیستم و شێواز و پرۆگرامەکانی خوێندن لە کۆلێژ و بەشەکانیان و، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەى دەرچوانى پۆلى دوازدە دەدەنەوە، کە پەیوەستن بە ماوەی خوێندن، لایەنی تیۆری و پراکتیکی و، بازاڕی کار لە دوای دەرچوون.
لە لایەکی دیکەوە، دەرچووانی پۆلی دوازدە لە پەراوێزى ئەم فێستیڤاڵە و، لە ژینگەیەکی ئەکادیمیی ڕاستەقینەیە دەتوانن لەگەڵ فێرخوازانی ئێستای زانکۆ گفتوگۆ بکەن و ئەزموونی ڕاستەقینەی خوێندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر ببیستن. ئەم جۆرە ئاڵوگۆڕەی زانیاری یارمەتیدەرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی دەرچووانى پۆلى دوازدە بە تێگەیشتنێکی قووڵ و لەبەر ڕۆشنایی ڕاستییە زانستییەکان، هەنگاو بەرەو ئایندەیەکی گەش بنێن و بەشە دڵخوازەکانی خۆیان هەڵبژێرن.
بۆ ئەوەش زانکۆی جیهان-هەولێر بانگهێشتی سەرجەم دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەکات، کە ئەم دەرفەتە لە شەوانی فێستیڤاڵەکەدا بقۆزنەوە و، هاوشێوەى شەوانى پێشتر لەگەڵ خێزانەکانیان سەردانی بەشە زانستییەکان بکەن. ئەم سەردانە مەیدانییە نەک هەر ئاسانکاری بۆ پرۆسەی پێشکەشکردن و وەرگرتن دەکات، بەڵکو متمانەی تەواو بە دەرچووان دەبەخشێت کە زانکۆیەکی پێشەنگی وەک زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵبژێرن، کە هەمیشە وەک داینەمۆیەک بۆ پەرەپێدانی توانا و لێهاتوویی گەنجان کار دەکات.
فێستیڤاڵی شەوانەی زانکۆی جیهان-هەولێر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 27/08/2026 لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆ و دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکی دەستەی ئەمیندارییەتی زانکۆ و پەیمانگەكانی جیهان کرایەوە. فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی 10 شەو بەردەوام دەبێت و پێشوازی لە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت لە کەشێکی زانستی و کەلتوریی ئاوێتەدا، ئاشنای جیهانی زانست و کارسازی بن.



