مامۆستایەکى زانکۆی جیهان-هەولێر قەڵغانی ڕێزلێنانی زانکۆى پێشکەش بە ناوەندێکی نێودەوڵەتی لە چین دەکات
- Categories بهشی ئهندازیاری تهلارسازی
- Date تەممووز 5, 2026
لە بەردەوامى هەوڵەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی، مامۆستای یاریدەدەر (لانا شەهاب ئەحمەد) لە بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی، بەشدارى لە کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەگەڵ (کاو لوکسیانگ)، جێگری بەڕێوەبەری بنکەی نموونەیی تۆڕی باشوور-باشووری نەتەوە یەکگرتووەکان (SSC Network) لە شاری فۆژو لە وڵاتی چین کرد.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی داهاتوو لە بوارەکانی خوێندنی باڵا، توێژینەوەی زانستی و ئاڵوگۆڕی مەعریفە کرا. ئەم کۆبوونەوەیە لە پەراوێزی سیمینارێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە “پەرەپێدانی پیشەسازیی بیناسازیی زیرەک بۆ وڵاتانی ڕێگەی ئاوریشم (Belt and Road Countries)” بەڕێوەچوو.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا؛ مامۆستا لانا شەهاب بە نوێنەرایەتی سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر، قەڵغانی ڕێزلێنانی زانکۆی وەک هێمایەک بۆ دۆستایەتی و ڕێزی دوولایەنە پێشکەش بە (کاو لوکسیانگ) کرد. ئەم هەنگاوە دەربڕی ئامادەیی و پابەندیی زانکۆی جیهان-هەولێرە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئەکادیمییەکان لەسەر ئاستی جیهانی.



