
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر پێشوازی لە شاندێکى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکات
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 19, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 18/11/2026، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، پێشوازیی لە شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و، توێژینەوەی زانستی هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر یاسین ساڵح حەمە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و، پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان کرد.
لە دیدارێکدا، کە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حازم کاکەیی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عەبدولستار عەبدولکەریم یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و، فێرخوازان بەڕێوەچوو گفتوگۆ لە بارەى هێنانى فێرخوازى نێودەوڵەتى کرا.
تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی ڕاکێشانی فێرخوازانی نێودەوڵەتی بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان:
لە میانەی دیدارەکەدا، گفتوگۆیەکی تێروتەسەل دەربارەی چۆنیەتیی ڕاکێشان و، وەرگرتنی فێرخوازانی نێودەوڵەتی (International Students) لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و، بەتایبەت زانکۆی جیهان-هەولێر کرا. لەم بارەیەوە، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر یاسین ساڵح حەمە ئاماژەی بەوە دا کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و، توێژینەوەی زانستی کار لەسەر داڕشتنی سیستمێکی نوێ و، ڕێکخستنی ڕاگەیاندن و، پڕۆسەکانی وەرگرتن دەکات بۆ ئەوەی زەمینەسازیی تەواو بکرێت بۆ هێنانی فێرخوازانی بیانی بۆ زانکۆکانی کوردستان.
پلانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ زیادکردنی ژمارەی فێرخوازانی بیانی:
لای خۆیەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی زانکۆ لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەم بوارەدا و، ڕوونی کردەوە کە زانکۆی جیهان-هەولێر بە چڕى کارى لەو بوارەدا کرد بەتایبەت بۆ هێنان و پێشوازییکردن لە فێرخوازی نێودەوڵەتى، وتیشى لە ئێستادا زیاتر لە 30 فێرخوازی بیانی لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەخوێنن، بەڵام بەهۆى کۆمەڵێک ڕێوشوێنى پەیوەست بە یەکسانکردنى بڕوانامە لە وەزارەتی پەروەردە نەتوانراوە کارەکان بە تەواوى بە ئەنجام بگەێنن و، فێرخوازى زیاتر ڕابکێشن؛ بۆ ئەوەش داواى کرد ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن و، ئاستەنگەکانی بەردەم هاتنی فێرخوازانی نێودەوڵەتی نەهێڵدرێن.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکی زانکۆ جەختی لەوەش کردەوە کە زانکۆی جیهان-هەولێر پلانی ستراتیژیی هەیە بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەی فێرخوازە نێودەوڵەتییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات، بەڵام پێویستى بە کارئاسانیکردنى وەزارەتی خوێندنی باڵا و، وەزارەتی پەروەردەوە هەیە، بەتایبەت لە چارەسەرکردنی کێشە و، ڕێکارەکانی تایبەت بە یەکسانکردنەوەی بڕوانامەکان، هەروەک ئامادەیی زانکۆى پیشاندا بۆ سەرخستنى ئەو پررۆگرامە و هێنانى ڕاکێشانى فێرخوازانى نێودەوڵەتى.
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئامادەیی تەواوی بۆ کارئاسانیکردن و، نەهێشتنی ئەو ئاستەنگ و، کۆسپانە دەربڕى، کە لەلایەن وەزارەتەوە هەن بۆ ئەوەی زانکۆکان بتوانن فێرخوازی بیانی و، نێودەوڵەتی ڕابکێشن.
کۆتایی دیدارەکە:
لە کۆتاییی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و، وەزارەتی خوێندنی باڵا و، توێژینەوەی زانستی کردەوە و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر سوپاسی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر یاسین ساڵح حەمە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، شاندی یاوەری کرد لە بەرامبەر ئەم سەردانە و، هەوڵەکانیان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا.



