
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و، سەرۆکی زانکۆی خۆرفەکان یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 27, 2026
ڕۆژى هەینی ڕێککەوتی 27ی تشرینی دووەمی 2026، لە شاریقە لە دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و، لە پەراوێزى خولی 58ـەمینی کۆنگرەی گشتیی یەکێتیی زانکۆ عەرەبییەکان؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی هیلال ئەلنەقبی سەرۆکی زانکۆی خۆرفەکان واژۆ کرد.
بوارە سەرەکییەکانی هاوکاریی ئەکادیمی
یاداشتنامەکە بۆ بەهێزکردنی چوارچێوەی هاوکاریی هاوبەش لە بوارەکانی خوێندنی باڵا، توێژینەوەی زانستی، داهێنان و، ئاڵوگۆڕی ئەزموونە دامەزراوەیییەکانە.
توێژینەوەی هاوبەش
بەپێی بەندەکانی یاداشتنامەکە، هەردوو زانکۆ ڕێککەوتن لەسەر دانانی چوارچێوەیەکی گشتی بۆ ڕێکخستنی کارە هاوبەشەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە کۆمەڵگە بکات و پشتگیریی پەرەپێدانی بەردەوام بکات، کە دیارترینیان بریتین لە:
- ئاڵوگۆڕی ئەندامانی دەستەی وانەوتنەوە، توێژەران، فەرمانبەران و، فێرخوازان لە هەردوو ئاستی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا.
- هاوکاریکردن لە پێشکەشکردنی بەرنامەی ئەکادیمیی هاوبەش و دوولایەنە و بەرنامەی کورتخایەن، پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن و فێربوونی ئەلیکترۆنی، لەگەڵ سەرپەرشتیکردنی هاوبەشی فێرخوازان.
- ئەنجامدانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستیی هاوبەش و بڵاوکردنەوەیان، و، ڕێکخستنی کۆنفرانس، سیمپۆزیۆم، کۆڕبەندی زانستی و خولی ڕاهێنان.
- ئاڵوگۆڕی بڵاوکراوە ئەکادیمییەکان، داتا دامەزراوەیییەکان و ئەزموونەکان لە بوارەکانی ڕاوێژکاری، پەرەپێدانی پیشەیی و ڕاگەیاندنی دامەزراوەییدا.
میکانیزمەکانی جێبەجێکردن
هەروەها یاداشتنامەکە پاراستنی مافەکانی خاوەندارێتیی هزری و نهێنیی زانیارییەکانی دەستەبەر کردووە و، لە ڕێککەوتی واژۆکردنییەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری پێ دەکرێت و، بە ڕەزامەندى هەردولا درێژ دەکرێتەوە.
گرنگیی ئەم هاوبەشییە دامەزراوەیییە
واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی جیهان-هەولێردا دێت بۆ فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی و بنیاتنانی هاوبەشیی ستراتیژیی کارا لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییە پێشەنگەکانی ناوچەکە، بۆ ڕەخساندنی دەرفەت و ئاسۆی نوێ لە بەردەم فێرخوازان و توێژەراندا بۆ ئاڵوگۆڕی زانست و پەرەپێدانی توانا ئەکادیمی و زانستییەکانیان.



