
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر: دەرچووانی زانکۆمان دەبنە سەرکردە و، داهێنەر لە بوارەکانی خۆیاندا
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 12, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 11/11/2026، ئاهەنگی دەرچووانی خولی شانزدەیەمی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەرپرسانی حکومی و دیپلۆماسی و حیزبی، ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، مامۆستایان و کەسوکاری دەرچووان بەڕێوە چوو. لە میانەی ئاهەنگەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر وتارێکی هەمەلایەنەی پێشکەش کرد.
دابینکردنی سەرمایەی مرۆیی:
لە دەستپێکی وتارەکەیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی (١٠٦٥) دەرچووی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ لە ٢٢ پسپۆڕیی زانستیی جیاواز کرد و، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕۆژە بەرەنجامی چەندین ساڵ شەونخونی و کۆششی بەردەوامە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی لێهاتوو.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە فرەچەشنیی پسپۆڕییەکان سەلمێنەری توانستی زانکۆکەیە لە دابینکردنی سەرمایەی مرۆییی کارامە بۆ بازاڕی کار و کەرتی تەندروستی، ئەندازیاری، زانستی، کارگێڕی، مرۆڤایەتی و ڕاگەیاندن.
ستراتیژیەتی نوێی زانکۆ و، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد:
سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا دەستکەوتەکانی ساڵی ڕابردووی خستەڕوو، ئەوەش لە ڕێگەی ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆ جیهانییەکان، بڵاوکردنەوەی سەدان توێژینەوەی بەپێز لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان و، پەرەپێدانی ژێرخانی تەکنەلۆژی و تاقیگەیی.
جگە لەوەش پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: بۆ ساڵی نوێی خوێندن زانکۆ جەخت لەسەر بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە پرۆگرامەکانی خوێندن و، کردنەوەی چەندین سەنتەری زانستیی وەک سەنتەری تایبەتمەند بە خۆراک و چارەسەرکردنی قەڵەوی، سەنتەری زانکۆ بۆ وەبەرهێنان و، سەنتەری پەرەپێدان و ڕاوێژکاری دەکاتەوە تا زانکۆ بێتە سەرچاوەی سەرەکیی چارەسەری کێشە هەنووکەیییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
ئاراستەکردنی پەیام بۆ دەرچووان، کەسوکاریان:
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، سەرۆکی زانکۆ بە دەرچووانی ڕاگەیاند: ئەو زانست و کارامەیییانەی لە زانکۆ بەدەستیان هێناوە ئامرازی بەهێزن تا ببنە سەرکردە و داهێنەر لە بوارەکانی خۆیاندا. پاشان پیرۆزبایی لە کەسوکاری دەرچووان کرد بۆ پشتیوانی و قوربانیدانی بێپایانیان.
لە کۆتاییدا سوپاسی بێپایانی خۆی ئاڕاستەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی تایبەت، مامۆستایان، گروپی جیهان و، بەتایبەتی دکتۆر نەوزاد یەحیی باجگر سەرۆکی دەستەی ئەمینداریەتیی زانکۆکانی جیهان کرد لە بەرامبەر پشتیوانییە بەردەوامەکانیان بۆ پێشخستنی زانکۆ لە بوارە زانستییەکاندا.



