ئامادەکارییەکان بۆ بەستنى هەردوو کۆنفرانسى زانستى زانکۆ بەردەوامە
بەئامانجى دیاریکردنى هەنگاوەکانى نەخشەڕێگەى بەستنى هەردوو کۆنفرانسى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتى (پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆبونەوەیەک لەگەڵ لێژنەى ئامادەکار بەڕێوەچوو.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (١٧/٢/٢٠٢١) لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا (پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ) لە دواین هەنگاوەکانى ئامادەکارییەکانى بەستنى هەردوو کۆنفرانسە زانستیەکەى زانکۆى لە لێژنەى ئامادەکار پرسى بەتایبەت لەو توێژینەوانەى تا ئێستا پێشکەش بەلێژنەکە کراوە.
وا بڕیارە لە ڕۆژانى (٢٨ و ٢٩ /٣/ ٢٠٢١) دووەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زانکۆى جیهان بۆ زانستەکانى ئەندازیارى تەلارسازى و ئەندازیارى شارستانى بەبەشدارى توێژەران و شارەزاییانى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى بەڕێوەبچێ. هەروەک بڕیار وایە لە ڕۆژانى (٣٠ و ٣١ / ٣/ ٢٠٢١) سێیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زانکۆى جیهان بۆ زانستە کارگێڕى و بانکییەکان بەئامادەبوون و بەشدارى ژمارەیەک بەرچاو لە پسپۆڕان و شارەزاییان و توێژەرانى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی و عێراق بەڕێوەبچێ.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، باس لە توێژینەوەکان و ناوەڕۆکى تەوەرە جیاکانى کۆنفرانسەکان کرا، بەتایبەت ئەو توێژینەوانەى هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و، بۆ هەریەک لە پانێڵەکانى کۆنفرانسەکان پەسندکراون.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا تاوتوێى وردەکارییەکانى پانێڵەکان کرا، بەتایبەت دیاریکردنى بەڕێوەبەر و بڕیاردەرى هەریەک لە پانێڵەکان و ماوەى بەڕێوچوونى پانێڵەکان، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆى جیهان جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، کە دەبێ سەرجەم ئەو وردەکارییانە بەپێى تەوەرەکان لەلایەن لێژنەى ئامادەکارەوە دیارى بکرێ.
لە تەوەرى کۆتایی کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى لایەنە کارگێڕى و لۆجیستیەکانى کۆنفرانسەکان کرا، ئەوەش ڕوونکرایەوە بەپێى بارودۆخى تەندروستى و پێشهاتەکان و ڕاسپاردەکانى لێژنەى باڵاى ڕووبەڕووبونەوەى کۆرۆنا بڕیارە لەسەر چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکان دەدرێ.