بۆ پتەوکردنى پەیوەندى ئەکادیمى و زانستى، نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆی ئەلفەراهیدی کۆدەبێتەوە
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٢١/٤/٢٠٢٥) مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن بە نوێنەرایەتى زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەردانێکی فەرمی سەردانى زانکۆی ئەلفەراهیدی لە بەغداد کرد و، لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر طارق حفظي ئەلخەیات پێشوازى لێکرا و دیدارێکى گرنگیان ئەنجامدا.
لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر موحسین جابر جويج یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستى بەڕێوەچوو، گفتوگۆیان لەبارەى هاوکاری ئەکادیمی لە نێوان هەردوولا کرا، بەتایبەت لە بوارى دانانى پرۆگرامى تایبەت بە ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و فێرخوازان و، ئەنجامدانى کۆنفرانسی زانستی هاوبەش و، سوودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەکانى خوێندن، بەتایبەت لە بوارى وەک زانستە پزیشکییەکان، بایۆتەکنەلۆژیا و زانستە تەندروستییەکان بەگشتى، کە هەردوو زانکۆکە خاوەن چەندین بەشى زانستى گرنگن لەو بوارانە. لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا هەردولا گفتوگۆیان لەبارەى هاوکاری لەسەر پڕۆژەکانی توێژینەوە لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا نوێنەرى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى گەیاندنى سڵاو و پەیامى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، دوپاتى لە پشتیوانى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوانیان کردەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا گفتوگۆ لەبارەى پێویستى داڕشتنى نەخشەڕێى کارى داهاتووى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى ئەلفەراهیدى کرا، بۆ فروانکردنى بازنەى پەیوەندییەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر لە بوارە جیاوازەکاندا.