بەشى پەروەردەى گشتى لە سیمپۆزيۆمێکى نێودهوڵهتی زانستى بەشدار دەبێ
بەئامانجى پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنى ئاستى زانستى دەرچووانى کۆلێژەکانى پەروەردە لە زانکۆکانى عێراق و، داڕشتنەوەیان بەپێى سیستمى نوێى پەروەردە، بەڕێگەى ئۆنلاین سيمپۆزیۆمێکى نێودەوڵەتى بەبەشدارى بەشى پەروەردەى گشتى زانکۆى جیهان- هەولێر بەڕێوەچوو.
لەو سیمپۆزیۆمەدا، کە رۆژى شەممە، رێکەوتى (١٦/١/٢٠٢١) لەلایەن ڕێكخراوی “قیاس QEAAS “ ڕێکخرابوو، (د. ئەحمەد عەبد عەون) سهرۆكی بهشى پەروەردەى گشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر و ڕاگرى بەشێکى زۆر لە کۆلێژەکانى پەروەردە لە زانکۆکانى عێراق ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەبارەى گرنگترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنى دەرچووانى کۆلێژەکانى پەروەردە لە وڵاتانى جیهان کرا.
لەو سیمپۆزیۆمەدا، کە بەناونیشانى (پێوهره نێودهوڵهتییەکانى پشت بهستن به كۆلێژهكانی پهروهردهى و پرۆگرامهكانی خوێندن و پسپۆڕى و چۆنیەتى پیادەکردنییان له زانكۆكانی عهرهبی) بەڕێوەچوو، د.سەوسەن شاکر چەلەبى پسپۆڕى پێوەرەکان و هەڵسەنگاندن و، شارەزا لە رێکخراوى یونسکۆ و یەکێتیی زانکۆکانى عەرەب باسى لە گرنگترین ئەو بەربەست و ئاستەنگانە کرد، کە لە ئێستا ڕووبەڕووى پرۆسەى پەروەردە و خوێندن بۆتەوە، ڕایگەیاند: ژمارەى مامۆستایان لە عێراق گەیشتۆتە (٤٢٨٠٥٠) مامۆستا، کە (١٧%) هەڵگرى بڕوانامەى ئامادەیی و خوار ئامادەیین، (٣٤.٤٥%) هەڵگرى بروانامەى ئامادەیی مامۆستایان و هونەرەجوانەکانن، هاوکات (٣٣.٥%) هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆسى پەروەردەیین، هەروەک ڕێژەى (١٣.٨٥%) هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆسن، بەڵام لە دەرچووانى کۆلێژەکانى پەروەردە نین، هەروەها هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا ڕێژەى کەمتر (١%) ئەو ژماریە پێکەدەهێنن، بەڵام ڕێژەى (٥٢.٢%)ى مامۆستایانى پەروەردە لە عێراق پێویستیان بەدووبارە شیاندن و ڕاهێنان هەیە.
سەبارەت بەهەرێمى کوردستان، ئەو شارەزاییەى یونسکۆ ڕاگەیاند: کۆى ژمارەى مامۆستایان بریتیە لە (١٠١٤٧٥) مامۆستا، کە ڕێژەى (٢٠.٤٤%) خاوەن بڕونامەى ئامادەیی و خوار ئامادەیین، دبلۆم ڕێژەى (٤١.٤٥%) پێکدەهێنن، لەهەمانکاتدا ڕێژەى (٣٧.٧%) مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردەى هەرێمى کوردستان هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆسن، بەڵام ڕێژەى کەمتر (١%) خاوەن بڕوانامەى ماستەر و دکتۆران، سەبارەت بەڕێژەى ئەو مامۆستایانەى لە هەرێمى کوردستان پێویستیان بەخولى شیاندن و ڕاهێنانەوە هەیە، ئەو شارەزاییەى پێشترى یونسکۆ ڕایگەیاند: ڕێژەکەیان (٦١.٨٩%)ە.
هەر لە میانەى باسکەیەدا، گرنگترین ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەى خستەڕوو، کە بوونەتە هۆى لاوازبوونى سیستمى پەروەردە لە عێراق، بۆ ئەوەش پێشنیازى چەند خاڵێکى گرنگى کرد، لە پێناو دووبارە بوژانەوەى سیستمى پەروەردە بۆ پیشخستنى کۆمەڵگە و پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار و چالاک.
لە بەشێکى دیکەى سیمپۆزیۆمەدا، کە له رێگهى بهرنامهى (Zoom) بەڕێوەچوو، باس له گرنگترین ئهزموونه سەرکەوتووەکانى وڵاتان کرا لە هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتى پێوانەکردنى بهرههمی كۆلێژهكانی پهروهرده بەگشتى و پێوهرهكانی جێیهجێكردنی كۆلێژهكانی پهروهرده له عێراق بەتایبەتى کرا، لەگەڵ خستنەڕووى ئەو پێوهرە نوێییانەى لهبەر رۆشنایی نوێكردنهوهى سيستمى پهروهرده له جیهان و به تایبهتی له ماوهى بڵاوبونەوەى نهخۆشی كۆرۆنا-19، بۆ ئەوەش ئامادەبووان گفتوگۆى چڕییان لەسەر بابەتەکە کرد.