بەشى کارگێڕى کار بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانى نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەى هیران ستى٢ دەکەن
بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى هەنگاوەکانى نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەى هیران ستى٢، بەسەرپەرشتى دکتۆر قوسەى حەمید سەلامى و بەهاوڕێیەتى مامۆستایانى یاریدەدەر (محەمەد سابر جامى، بشرى عەلى زەینەل و، عەللا عەلى) و، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغى یەکەم، شاندیکى بەشى کارگێڕى کار قوتابخانەى (هیران ستى٢)یان لەشارى هەولێر بەسەرکردەوە.
شاندەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى ئەوەى لەلایەن مامۆستا مەنصور محەمەد بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە و یاریدەدەرەکەى پێشوازیان لێکرا، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى هەنگاوەکانى نۆەژەنکردنەوەى قوتابخانەکە کرا، کە لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ئەرکە کۆمەکبەخش و یارمەتیە مرۆییەکانى بەشى کارگێڕى کار جێبەجێ کراوە، بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بەڕێوەبەرى قوتابخانەى هیران ستى٢ بەوردى باسێکى لەبارەى هەنگاوەکان و پڕۆسەکانى جێبەجێکردنى کارەکان کرد بەتایبەت لە دابینکردنى پێداویستیە سەرەکیەکان و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى قوتابخانەکەیان.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى مەیدانى تەواوى قوتابخانەکەیان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى ئەو کارانە بون، کە لە ماوەى ڕابردوو جێبەجێ کرا، بەتایبەت لە دروستکردنى ژمارەیەک (WC) و، چاکردنەوەى سیستەمى کارەبا و دابینکردنى ڕوناکى بۆ سەرجەم پۆلەکانى خوێندن و، چاکردنەوەى سەربانى پۆلەکان بۆ ڕێگریکردن لە هاتنەژورەوەى ئاو و دڵۆپەکردن بەتایبەت لە وەرزى زستان و باران باریندا.
هاوکات و، هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەدا، شاندەکەى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک پێداویستى ڕۆژانە بۆ ڕایکردنى کاروبارەکانى پێشکەشى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە کرد، هاوکات تەئکید لەسەر گیانى هەماهەنگى و هاوکارى نێوان هەردولا کرایەوە لە پێناو پڕۆسەى خوێندن و پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار لە ژینگەیەکى ئارام بۆ داهاتووى کۆمەڵگە.
لە کۆتایشدا، لەلایەن مامۆستا مەنصور محەمەد بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە سوپاسى ئەو کۆمەک و هاوکارییەى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرا، کە لە ماوەى ڕابردو پێشکەشى قوتابخانەکەیان کردوە، وتیشى ئێمەى مامۆستا سەرکێکى پیرۆزمان لەسەرشانە، بۆیە بە شەو و ڕۆژ کار دەکەین تا بتوانین بەباشترین شێوە ئەو ئەرکەى سەرشانمان ڕابپەڕێنین.