
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن چالاکییەك بەبۆنەی هەڵمەتی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئەنجام دەدەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 26, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکكەوتی 25ی تشرینی دووەمی 2026، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان–هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولود، چالاكییەكی هۆشیاری و کۆمەڵایەتییان بەڕێوەبرد.
لە چالاكییەكەدا، گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن، بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی هۆشیاری بە هاووڵاتیان و بەشداریی کرداریی لە هەڵمەتەکەدا، پڕووشەری تایبەت بە هەڵمەتەکەیان لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان و بازاڕی داون تاون لە شاری هەولێر دابەش کرد.
ناوەڕۆکی پڕۆشوورەكان تیشکی دەخستە سەر گرنگیی ڕێگرتن لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، پاراستنی ماف و کەرامەتیان و پێویستیی بەشداریی هەموو تاک و دامەزراوەکانی کۆمەڵگا لە درووستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و بێتوندوتیژی.
هەروەها، ئەم چالاکییە دەرفەتێکی گونجاوی بۆ گەیاندنی ڕاستەوخۆی پەیامی هەڵمەتەکە بە هاووڵاتیان و هاندانیان بۆ بەشداریی زیاتر لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییدا ڕەخساند.
ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی هەڵمەتی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ئەنجام درا، کە هەموو ساڵێک لە 25ی تشرینی دووەمەوە دەست پێدەکات و تا 10ی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت.



