بەشى کارگێڕى کار دەستى کۆمەک و هاوکارییەکانى گەیاندە خانەى بەساڵاچوان
لەبەردەوامى کارە خۆبەخشى و مرۆیەکانیدا، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لە خانەى بەساڵاچوانى هەولێر چالاکیەکى مرۆیی بەڕێوەبرد.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٣/٤/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر بوشرى عەلى زەینەڵ، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناخى سێیەم سەردانى خانەى بەساڵاچوانیان لە شارى هەولێر کرد، ئامانج لەو سەردانە ئاشنابونى فێرخوازان بوو بەدۆخى ژیان و گوزەرانى بەساڵاچوان لە خانەکەدا، تا بەهۆیەوە گیانى هاوکارى لاوان بەچینى بەساڵاچوان پەرەپێبدەن، لەگەڵ سودوەرگرتنى گەنجان لە توانا و ئەزمون و شارەزایی کەسانى بەساڵاچوو.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، مامۆستایان و فێرخوازان لەگەڵ ئامانج عومەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەرى خانەى بەساڵاچوانى هەولێر کۆبونەوەن لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى دۆخى ژیانى بەساڵاچوان کرا، بۆ ئەوەش بەڕێوەبەرى خانەکە کورتەیەکى لەبارەى پێکهاتەى خانەى بەساڵاچوانى هەولێر و ئەو خزمەتگوزاریانەى پێشکەش بەساڵاچوان و مەرجەکانى وەرگرتنى بەساڵاچوانى بۆ فێرخوازان خستەڕوو.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، ڕێکەوتن لە نێوان فێرخوازان و بەڕێوەبەرایەتى خانەکەدا کرا، کە لە داهاتویەکى نزیکدا چەند چالاکیەکى هاوبەش ئەنجام بدەن بەتایبەت لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و ڕۆژانى دواتر.