بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى سوپاسنامەیەک ئاراستەى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
بەڕێوەبەرایەتى بانکى خوێن-ى سەر بەبەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى هەولێر سوپاسنامەیەکى ئاراستەى فێرخوازان و مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.
وەک لە سوپاسنامەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتى بانکى خوێنى هەولێر سوپاس و پێزانینى خۆیان ئاراستەى مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات، لە بەرامبەر بەشداریکردنیان لە هەڵمەتى بەخشینى خوێن بەتیمى گەڕۆکى بانکى خوێن، هەر لەو چوارچێوەیەدا سوپاسى (دکتۆر ئامینە صباح محمود) سەرۆکى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات، کە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى هەڵمەتەکەى کرد.
مانگى ڕابردوو، بەچاودێرى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەهەماهەنگى تیمى گەڕۆکى بەڕێوەبەرایەتى بانکى خوێن لە شارى هەولێر هەڵمەتێکى فراوانى خوێن بەخشین لە ناو زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو. لە میانەى بەڕێوەچوونى هەڵمەتەکەدا، ژمارەیەکى زۆرى فێرخوازان لە قۆناغ و بەشە جیاکان و مامۆستایان بەدەم بانگەوازەکەى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر هاتن، بەشێوەیەک لە ماوەى تەنها یەک کاتژمێر لەلایەن خوێن بەخشان (41) پاینتى (بطل) خوێن پێشکەش بەتیمى گەڕۆکى بانکى خوێن لە شارى هەولێر کرا.