بە بۆنەى بەدەستهێنانى پلەى یەکەمى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندنى تایمزى بەڕیتانى؛ ئاهەنگێک بەڕێوەچوو
لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەبۆنەى بەدەستهێنانى پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و دووەم لەسەر ئاستی هەموو زانکۆکانى عێراق لە دوای زانکۆی بەغداد، لە نوێترین ڕیزبەندى تایمزى بەریتانى بۆ خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى زانکۆکانى جیهان بۆ پسپۆڕییەکان (Interdisciplinary Science Rankings 2025) بۆ ساڵی ٢٠٢٥؛ ئاهەنگێک بەڕێوەچوو.
لەو ئاهەنگەدا، کە بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو، سەرەتا ئامادەبوان ساتێک ڕاوەستان بەبێ دەنگى بۆ گیانى پاکى شەهیدا ڕێزیان نواند، پاشان چەند وتارێک بەو بۆنەیەوە پێشکەشکران.
ئاستى زانستى و زانکۆکانمان لە ئاستى هیچ زانکۆیەکى وڵاتانى جیهان کەمتر نیە
لەسەرەتا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لەوتارەکەیدا دواى پیرۆزباییکردن لە ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران و فێرخوازان وتى: لە کاتێکدا هەموو دامەزراوە زانستیەکان هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەى پێشکەوتنێکى بەرچاو بەدەست بهێنن، زانکۆى جیهان-هەولێر خۆشبەختان لە پێشەنگى هەموو زانکۆکانە و، توانى دەسکەوتێکى گەلێک مەزن بەدەست بهێنێ، ئەم دەسکەوتە نەک تەنها لەسەر ئاستى زانکۆکانى کوردستانە، بەڵکو لەسەر ئاستى عێراق و وڵاتانى جیهانیشە، بۆیە ئەم بۆنەیە نەک تەنها بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر گرنگە، بەڵکو بۆ ئاستى زانستى کوردستانیش گرنگى خۆى هەیە، چونکە توانیومانە ئەوە بۆ هەموو گەلان بسلەمێنین کە لە هیچ زانکۆیەکى دیکە کەمتر نین، ئاستى میللەتى ئێمە و فێرخوازانى ئێمە لە هیچ کەسێکى دیکە کەمتر نیە.
ئەوە دەسکەوتى هەموو لایەکە
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ باسکردن لە لایەنە جیاکانى ڕیزبەندییەکە و بۆ ئەوەش ووتى: لەو کێبڕکێیەکى نێودەوڵەتیدا (٩٢) وڵات بەشداریان تێدا کردوە، کە لەلایەن گۆڤارى تایمزى بەریتانى بەڕێوەدەچێ، خۆبەشبەختانە زانکۆى جیهان-هەولێر توانى لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان پلەى یەکەم لەسەر ئاستى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکان بەدەست بهێنیت، لەسەر ئاستى هەموو زانکۆکانى عێراقیش لە دواى زانکۆى بەغداد بە پلەى دووەم هاتووە، هەربۆیە ئەم بۆنەیە نەک تەنها لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم بەرز ڕاگیراوە، بەڵکو لە لایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراقیش بە گرنگیەوە هەڵسەنگاندنى بۆ کرا و لە وێبسایتى وەزارەت بڵاوکرایەوە، لەهەمانکاتدا لە ئاژانسى (الانباء العراق)یشدا بە مانشێتێکى گەورە بڵاوکرایە، بۆیە ئەم ددەسکەوتە تەنها دەسکەوتى مامۆستایان نیە، بەڵکو دەسکەوتى فێرخوازانیشە، چونکە هەموان پێکەوە لەگەڵمان هەماهەنگ بوون تا توانیمان ئاستى زانستى لە هەرێمى کوردستان بەرز بکەینەوە.
تەنها بە زانست وڵات پێش دەکەوێ
هەر لە میانەى پێشکەشکردنى وتارەکەیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بە گرنگیەوە باسى لە ڕۆڵى زانست لە پێشکەوتنى گەلان کرد و ڕایگەیاند: ئێمە لە ڕۆژى دامەزراندنى یەکەمى ئەم زانکۆیەدا بەڵێنمان بەهەموو گەلى کوردستاندا، کە زانکۆکەمان کار دەکات بۆ ئەوەى بەردەوام پێشەنگ بین و، هەوڵیش دەدەین هەرێمى کوردستان پێشەنگ بێ، چونکە پێمان وایە تەنها ڕێگە بۆ پێشکخستن و پێشکەوتنى هەرێمى کوردستان و میللەتەکەى زانست و زانینە، باشترین شوێنیش بۆ زانست زانکۆکانە، هەربۆیە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک یەکەمین زانکۆى تایبەت و گەورەترین زانکۆ لە هەرێمى کوردستان کەمترخەمى نەکردوە، بۆیە لە هەموو کێبڕکێیەکانە توانیویەتى پلەى بەرز بەدەستبهێنێ، دەمەوێ ئەوەشتان پێ ڕابگەێنم ئەمە دوا هەواڵ و هەوڵمان نابێ، بەڵکو لە ڕۆژانى داهاتودا دوو دەسکەوتى دیکەى مەزن بەڕێوەیە بۆ فێرخوازە بەڕێزەکان.
زانکۆى جیهان-هەولێر دەستپێشخەرى جۆراوجۆرى بۆ فێرخوازان هەیە
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ ئاماژەکردن بە پرۆژەکانى زانکۆ بۆ پاڵپشتیکردنى فێرخوازان، لەو چوارچێوەیەشدا ووتى: لەسەر ئاستى فێرخوازان زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک دەستپێشخەرى پێشکەش بە فێرخوازان کردوە، بۆ نموونە ساڵانە (٥٠ بۆ ٧٥) فێرخواز لەسەر ئاستى بەشەکان ڕەوانەى وڵاتانى دەرەوە کردوە، لە ئێستاشدا کۆمەڵێک فێرخوازمان لە زانکۆکانى وارشۆ و وۆچ لە پۆڵندا دەخوێنن، هەروەها لەسەرەتاى ساڵى داهاتوو گروپێکى دیکەى فێرخوازان دەچنە زانکۆى شاریقە و، گروپێکى دیکەشیان دەچنە زانکۆى عەجمان لە ئیمارات، هاوکات دوو گروپی دیکە دەچنە پۆڵندا بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتانە، جگە لەوانەش لە دوو هەفتەى داهاتوودا گروپێکى دیکەى فێرخوازانمان لە کۆلێژى پزیشکى ددان لە گەورەترین کۆنفرانسى زانستى لەسەر ئاستى وڵاتانى ناوچەکە دەچنە بەغداد و بەشدارى دەکەن، هەموو ئەوانەش ئاماژەن بۆ ئەوەى زانکۆى جیهان-هەولێر زانکۆیەکى باوەڕپێکراوە نەک تەنها لەسەر ئاستى کوردستان و عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش، چونکە ئەگەر لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى باوەڕپێکراو نەبوایە، فێرخوازانمان لەو زانکۆیانە وەرنەدەگیران و، نەیاندەتوانى کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتانە تەواو بکەن و بگەڕێنەوە، ئەوەش ئەوە دەسەلەمێنێت کە پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکەمان لەسەر ئاستێکى نێودەوڵەتیە، چونکە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان زانکۆى جیهان-هەولێر یەکەمین زانکۆیە کە پرۆگرامى (بۆلۆنیا پرۆسیس)ى تیایدا جێبەجێ کرا، کە پرۆگرامێکى هاوچەرخ و سەردەمیانەیە و، لە ئەورەپا پەیڕەو دەکرێ و، لەلاى ئێمەش بۆ ماوەى پێنچ ساڵە پەیڕەو دەکرێ، هاوکات لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی؛ زانکۆکەمان بەردەوام لە هەوڵى فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە پێشەنگ و ڕەسەنەکان.
دەسکەوتى دیکە بەڕێوەیە
لە تەوەڕیکى دیکەى وتارەکەیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسى چەند دەسکەوتێکى دیکەى زانکۆى جیهان-هەولێرى بۆ فێرخوازان کرد و ڕونیکردەوە ژمارەیەک لە دەرچوانمان لە خوێندنى ماستەر و دکتۆرا، ئەوانەى پلەى یەکەم و نایابیان لە پێشبڕکیەکانى وەرگرتن لە زانکۆکانى (هەولێرى پزیشکى، سەڵاحەدین-هەولێر، پۆلیتەکنیکى هەولێر، موصل و بەغداد) بەدەستهێنا زۆربەیان لە دەرچوانى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بوون، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵى مامۆستا بەڕێزەکان، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆ جیهان-هەولێر ڕوو لە فێرخوازان وتى: ئێمە هیوایەکى گەورەمان بەئێوە هەیە، کە دواڕۆژێکى پڕشنگدار لە ڕێگەى ئێوەوە بۆ هەرێمى کوردستان دابین بکەین، پشتیوان بەخوا لە ڕۆژانى داهاتودا چەند دەسکەوتێکى دیکە ڕادەگەێنین.
ژینگەیەکى لەبارتر بۆ فێرخوازانى تازەوەرگیراو دەڕخسێنین
لە کۆتایی وتارەکەیدا؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە فێرخوازانى قۆناغى یەکەم کرد و وتى: ئەمساڵ گروپێکى تازە بە پرۆشى و جدیەوە ڕویان لە زانکۆى جیهان-هەولێر کردوە، ئێمە بەرانبەر بەو جدیەتى و پەرۆشیەیان کۆمەڵێک دەسکەوتى تازەمان بۆ ئەوان دابینکردوە، بۆ ئەوەى لە ژینگەیەکى لەبارتر بتوانن بخوێنن و داهاتویەکى باشترتان هەبێ، لە کۆتایشدا جارێکى دیکەى پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەى لە ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایان و فێرخوازان کرد، هیواشى خوسات لە ڕۆژانى داهاتودا دەسکەوتى دیکە ڕابگەێنین.
زانکۆى جیهان-هەولێر دەخوازێ ببێتە پێشەنگى زانکۆکانى وڵاتانى جیهان
لە بەشێکى دیکەى ئاهەنگەکەدا؛ دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى پیرۆزباییکردن لە مامۆستایان و فێرخوازان وتى: کاتێک کە زانکۆى جیهان-هەولێرمان دامەزراند لە خۆڕا نەمانوت “زانکۆى جیهان-کوردستان ئاوەدان”، ئەوەتا سەلمانمان کە زانکۆى جیهان-هەولێر دەتوانێ کوردستان ئاوەدان بکاتەوە، ئاوەدانکردنەوەى کوردستان بە دروستکردنى مرۆڤە، بە بونیادنانى ئاستى زانستیە، چونکە زانست تەنها ڕێگەیە بۆ پێشکەوتنى گەلان، هەر لە میانەى پێشکەشکردن وتەکەیدا ڕوو لە فێرخوازان وتى: ئێوە سەرمایەى ئەو وڵاتەن، ئێمە هاوکارتان دەبین بۆ بونیادنان و پەرەپێدانى تواناکانتان، چونکە پلان و ستراتیجى زانکۆ ئەوەیە لە داهاتویەکى نزیکدا ببنە زانکۆیەکى پێشەنگ لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی؛ وەک چۆن ئەوەى ئێستا لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان یەکەمین و لەسەر ئاستى عێراقیش دووەمین، هەر لە وتارەکەیدا سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان کۆمەڵێک ئاماژگارى زانستى پێشکەشى فێرخوازان کرد بۆ ئەوەى بتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن تا بەشدارى لە پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى کوردستان بکەن، لە کۆتایشدا بە بۆنەى بەدەستهێنانى پلەى یەکەم لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان؛ دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر ووتى: سوپاسى سەرۆکى زانکۆ و ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستا و فێرخوازانى دەکەم، دوپاتیشکردەوە ئەمینداریەتى زانکۆى جیهان لە هیچ جۆرە پاڵپشتیەک کەمتەرخەمى ناکات و پشتیوانى کار و پرۆژەکانتان دەبێت.
سێ یەکەمى بەش و قۆناغەکان بڕوانامەى ڕێزلێنانیان پێشکەش کرا
لە بەشى کۆتایی ئاهەنگەکەشدا، بڕوانامەى یەکەم و دووەم و سێیەم لەسەر ئاستى بەش و قۆناغەکان پێشکەش بە فێرخوازە سەرکەوتوەکانى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) کرا و، لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، سەرۆکى بەشە زانستیەکان پێکەوە وێنەى یادگارییان کرد و، کۆتایی بە ئاهەنگەکە هات.