Back

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 01/10/2026، بە ئامادەبوونی نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر، کۆبوونەوەیەکی گرنگ و بەرهەمدار بە بەشداریی نوێنەرانی (20) زانکۆی حکومی و تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر بەڕێوەچوو.

لەو کۆبونەوەیەدا؛ پێشنیازێک خسترایەڕوو بۆ ئەوەی زانکۆی جیهان-هەولێر میوانداری و ڕێکخستنی پاڵەوانیەتیی تۆپی پێی بچووککراوە (مینی فوت بۆل – کوڕان) لە سەر ئاستی زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر ئەحمەد سەعید ئەحمەد، مامۆستا لە بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان وەک نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدار بوو. زانکۆی جیهان-هەولێر لە ڕێگەی نوێنەرەکەیەوە تیشکی خستە سەر ئامادەیی تەواوی زانکۆ بۆ میوانداریکردن و سەرپەرشتیکردنی چالاکی و بۆنە وەرزشییەکان لە سەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان؛ ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئەو بایەخدانە ڕاستەوخۆیەی سەرۆکایەتیی زانکۆ بە چالاکی سەربەخۆی وەرزشیی دەیدات، لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ گەشەپێدانی توانا و لێهاتووییەکانی فێرخوازان لە بوارە وەرزشییەکاندا و، دروستکردنی کەشێکی تەندروست بۆیان.

دوای ئاڵوگۆڕکردنی ڕا و پێشنیازەکان، بەشداربووان ڕەزامەندی و کۆدەنگیی تەواوی خۆیان لەسەر پێشنیازەکان دەربڕی و، بە کۆدەنگیی دەنگەکان پەسەند کران، بەپێی پێشنیازەکان ئەم پاڵەوانیەتییە وەرزشییانەی خوارەوە بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ھەردوو وەرزی خوێندنی یەکەم و دووەمی ئەمساڵدا لەم زانکۆیانەى خوارەوە ئەنجام بدرێن:

  1. زانکۆی سلێمانی: پالەوانیەتی تۆپی سەرمێز (کوڕان و کچان).
  2. زانکۆی زاخۆ: پالەوانیەتی تۆپی باسکە (کوڕان).
  3. زانکۆی سەلاحەددین – هەولێر: پالەوانیەتی مەلەوانی (کوڕان).
  4. زانکۆی جیهان – هەولێر: پالەوانیەتی تۆپی پێی بچوککراوە – مینی فوتبۆل (کوڕان).
  5. زانکۆی سەلاحەددین – هەولێر: پالەوانیەتی شەترەنج (کوڕان و کچان).