بە مەبەستى جێبەجێکردنى ئامانجى حەوتەمی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام، زانکۆی جیهان – هەولێر سود لە وزەی خۆر وەردەگرێ
وەک بەشێک لە ستراتیژی جێبەجێکردنى ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام، زانکۆى جیهان-هەولێر سوود لە وەزەى خۆر وەردەگرێ بۆ ڕایکردنى کارەکانى لە بوارى وزە، ئەوەش هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی حەوتەمی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە هانى بەکارهێنانى وزەی پاک دەدات.
لەو چوارچێوەیەدا، لە کەمپى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستکراوە بەجێبەجێکردنى پڕۆژەکە و، پانێڵی خۆر لە سەرتاسەری کەمپەکەدا دانراوە بۆ دابینکردنی بەشێکی زۆر لە پڕکردنەوەى پێداویستییەکانی وزەی زانکۆکە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە دەستپێشخەرییەکی فراوانترى زانکۆ بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سەرچاوەی وزەی گاز و کاربۆن، بۆ ئەو مەبەستە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەڵێ: “ئێمە پابەندین بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەی غازى، یان ئەوەى لە سامانە سروشتیەکان و بەرهەمە نەوتیەکان بەکاردێ بۆ بەرهەمهێنانى وزە، هەربۆیە ئەم پڕۆژەیەمان دەستپێکردوە بەئامانجى پاکڕاگرتنى ژینگە و، لە ئایندەیەکى نزیکیشدا بەڕێژەى (١٠٠ %) پشت بە وزەى نوێ و تیشکى خۆڕ وەردەگرین بۆ دابینکردنى پێداویستیەکانى وزە لە زانکۆکەمان”.
دانانی پانێڵی خۆر هەنگاوێکی گرنگە لە ستراتیژی درێژخایەنی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە. هاوکاتیشە لەگەڵ پلانەکانی گەڕان بەدوای سەرچاوە نوێبووەکانی دیکەی وەک وزەی با، ئەم دەستپێشخەرییە پابەندبوونی زانکۆکە دەبێتە نموونەیەکى گرنگ بۆ زانکۆ و دامەزراوە و کۆمپانیا جیاکان تا پەیڕەوی بکەن، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی و پێشخستنی وزەی پاک.