تیمی فوتساڵی فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لە “پاڵەوانیەتیی فوتساڵی کیا بۆ زانکۆکانی کوردستان” ئاستێکى بەرزیان پیشاندا
- Categories بهشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان
- Date حوزهیران 21, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، تیروپشکی “پاڵەوانیەتیی فوتساڵی کیا بۆ زانکۆکانی کوردستان” لە هۆڵی دکتۆر سائیر عەبدولئەحەد بەڕێوەچوو، لەسەر ئاستی زانکۆى جیهان-هەولێر، هەردوو ڕاهێنەر پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئەکرەم عەبدولواحید) و مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد سەعید) مامۆستایانى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان ئامادەی تیروپشکى پاڵەوانیەتیەکە بوون.
پاڵەوانیەتیی فوتساڵی کیا بۆ زانکۆکانی کوردستان، کە لە لایەن کۆمپانیای کیا مۆتۆرز سپۆنسەری کراوە، تیپی فوتساڵی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە پاڵەوانیەتیەکەدا کرد، لە یەکەم یاریدا، کە بەئامادەبونى دکتۆر ئەحمەدعبدالعون سەرۆکى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لە هۆڵی دووەمی کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر بەڕێوەچوو، تیمی زانکۆی جیهان-هەولێر ڕووبەڕووی تیمی زانکۆی کۆیە بووەوە. یارییەکە لە سەرەتاوە کێبڕکێیەکی توندی بەخۆیەوە بینی و گێمی یەکەم بە یەکسانبوونی هەردوولا بە ئەنجامی (١-١) کۆتایی هات. بەڵام لە گێمی دووەمدا و دوای پێدانی ڕێنماییە تەکتیکییەکانی ستافی ڕاهێنەران، یاریزانانی زانکۆی جیهان-هەولێر گەڕانەوەیەکی مێژووییان (Remontada) تۆمار کرد و توانییان یارییەکە بە ئەنجامی شایستەی (٣-١) لە بەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێ بهێنن و سەرکەوتن بۆ قۆناغی دواتر مسۆگەر بکەن.
بەپێی سیستەمی داڕژراوی پاڵەوانیەتییەکە، تیمی زانکۆى جیهان-هەولێر لە کاتژمێر (٠٧:٠٠)ی ئێوارەی هەمان ڕۆژدا و بەبێ وەرگرتنی پشووی پێویست، ڕووبەڕووی تیمی زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر بووەوە. لەم یارییەدا، تیمی ڕکابەر سوودی لە دوو خاڵی یەکلاکەرەوە وەرگرت؛ یەکەم: سوودوەرگرتن لە ماندووبوونی جەستەیی یاریزانانی زانکۆی جیهان-هەولێر کە یارییەکی قورسیان ئەنجامدابوو لە کاتێکدا یاریزانانى زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر لە یاری یەکەمدا پشویان دابوو، دووەم: سوودوەرگرتن لە فاکتەری یاریگە و هاندەران. سەرەڕای هەوڵە بێوچانەکانی یاریزانانی زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ پاراستنی ئەنجامەکە، بەڵام ماندوێتی زۆر کاریگەریی گەورەی هەبوو و یارییەکە لە بەرژەوەندی یاریزانانى زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر کۆتایی هات.
لەم قۆناغی پاڵەوانیەتیی فوتساڵی کیا بۆ زانکۆکانی کوردستان دوو تیپ لەسەر ئاستی پارێزگاکە سەردەکەون بۆ قۆناغی کۆتایی (کە بە بەشداری ٨ زانکۆ بەڕێوەدەچێت) و کۆمپانیای کیا وەک خەڵاتێکی تایبەت، گەشتێکی یەک هەفتەیی بۆ وڵاتی تورکیا بۆ تیمی پاڵەوانی خولەکە دابین دەکات.
تیمی زانکۆی جیهان-هەولێر دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی وەرزشیی بەرز و شایستە، لە قۆناغی پێش کۆتایی ماڵئاوایی لە جامی “کیا” کرد، کە ئەمەش ئەزموونێکی گرنگ بوو بۆ بەهێزکردنی توانای یاریزانان و نوێنەرایەتیکردنی شایستەی زانکۆ لە کایە وەرزشییەکاندا.



