تیپی فێرخوازانى بەشی وەرگێڕان بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان سەرکەوتنی بەسەر تیپی فێرخوازانى بەشی زانستی کۆمپیوتەردا بەدەستهێنا
لە درێژەی یارییەکانی خولی تۆپی پێی بچوکراوەی زانکۆی جیهان-هەولێر، کە لە لایەن بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦/١/٢٠٢٦، یاری چوارەمی خولەکە لە نێوان تیپی فێرخوازانى “بەشی وەرگێڕان” و تیپی فێرخوازانى “بەشی زانستی کۆمپیوتەر” بەڕێوەچوو.
لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا، ئاستی هەردوو تیپ لە یەکترەوە نزیک بوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی پلانێکی تەکتیکی ڕوون و شپرزەیی لە ناو یاریگەدا، یارییەکە زیاتر ڕەنگدانەوەی یارییەکی دۆستانەی پێوەدیار بوو و، هیچ کام لە تیپەکان نەیتوانی مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر گۆڵی بەرامبەر دروست بکات.
لە گێمی دووەمدا، ڕێڕەوی یارییەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات و هەردوو تیپ بە ڕێکخراوتر دەرکەوتن و چەندین هێرشیان بردبووە سەر گۆڵی یەکتر. سەرەڕای دروستکردنی چەندین دەرفەتی ئاسان، بەڵام بەهۆی کەمی ئەزموونی یاریزانان لە یەکلاکردنەوەی گۆڵ و درەوشانەوەی گۆڵپارێزی هەردوو لا، کاتی یاسایی یارییەکە بە بێ گۆڵ و بە یەکسانبوون کۆتایی هات.
بۆ دیاریکردنی تیپی سەرکەوتوو، ناوبژیوان پەنای بۆ لێدانە یەکلاکەرەوەکانی سزاکان (پەناڵتی) برد. لەم قۆناغەدا کە شانس و لایەنی دەروونی ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، تیپی فێرخوازانى بەشی وەرگێڕان توانی بە کۆنتڕۆڵکردنی دڵەڕاوکێی یاریزانەکانی سەرکەوتوو بێت و بە ئەنجامی (3 گۆڵ بەرامبەر بە 2 گۆڵ) یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت.
بە بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە، تیپی فێرخوازانى بەشی وەرگێڕان ئاهەنگی سەرکەوتنی گێڕا و بە فەرمی گەیشتە قۆناغی داهاتووی خولەکە، لە بەرامبەردا تیپی فێرخوازانى بەشی زانستی کۆمپیوتەر ماڵئاوایی لە کێبڕکێکان کرد.







