خولى تۆپى پێیى نێوان بەشەکانى زانکۆ کرایەوە
لە چوارچێوەى ئەو چالاکیانەى ساڵانە بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان لە بوارى وەرزش ڕێکى دەخات، بۆ ئەمساڵیش خولى تۆپى پێى نێوان فێرخوازانى بەشەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێکخرا.
بۆ ئەو مەبەستە و، لە کردنەوەى خولەکەدا کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢١/٢/٢٠٢١) لە یاریگەى زانکۆى جیهان هەولێر بەڕێوەچوو، خولەکە بەیاری نێوان یاریزانانى یانەى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان و شیکارى کیمیایی پزیشکى دەستپێکرد.
گێمى یەکەمى یارییەکە بەکۆڵێکى یەکسان بۆ هەریەک لە یانەکانى کۆتایى پێهات، بەڵام لە گێمى دووەمى یارییەکەدا یاریزانانى یانەى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان توانیان کۆنتڕۆڵى یاریگەکە بکەن و یارییەکى زۆر جوانیان کرد و توانیانە ئەنجامى یارییەکە مسۆگەر بکەن.
لە کۆتایى یاریەکەدا یانەى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان بەتۆمارکردنى (٧) گوڵ بەرامبەر بە(٣) گوڵ بەسەر یانەى شیکارى کیمیایی پزیشکى سەرکەون.