دووەمین كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی لە بواری كارگێری و دارایی لە زانكۆی جیهان – هەولێر
لەژێر چاودێری بەڕێز دكتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئەمڕۆ چوارشەممە 27 /6 / 2018 دووەمین كۆنفرانسی زانستی نێو دەوڵەتی بۆ زانستە كارگێڕی و داراییەكان لە هۆڵی كۆنفرانسەكان لە زانكۆی جیهان – هەولێر وە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكومی سەرۆكی دەستەی ئەمینداریەتی زانكۆكانی جیهان بەڕێز د. نوزاد یحیی باجگر و سەرۆكی زانكۆ بەڕێز د. امجد صابر دەلۆ سەرۆكی زانكۆی جیهان و دەیان كەسایەتی ئەكادیمی و توێژەر لە دەرەوە و ناوەوەی عێڕاق و تەواوی سەرۆك بەش و دەستەی فێركاری زانكۆ و فەرمانبەر و كادیرەكانی زانكۆ و دەستی بەكارەكانی كرد .
رۆژی یەكەم:
كۆنفرانسەكە دەستی بەكارەكانی كرد بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدە سەربەرزەكانمان ، پاشان ئەم بەڕێزانەی خوارەوە ووتەكانی خۆیان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد :
1- ووتەی بەخێر هاتن لەلایەن پ . ی . د. امجد صابر دەلۆ سەرۆكی زانكۆی جیهان – هەولێر كە بەم شێویەی خوارەوە بوو :
لە دەستپێكدا بە پێویستی دەزانم خۆشحاڵی خۆم بە هاتنی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەربڕم و بەخێرهاتنێكی گەرمی ئامادەبووانی دووەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بۆ زانستە كارگێڕی و داراییەكان (CIC-ADFIS`18) بكەم لە زانكۆی جیهان – هەولێر ئەوانەی كە لە دەرەوەی عێڕاقەوە تەشریفیان هێناوە و شەكەتی گەشتیان چەشتوە ، وە هەروەها ئەوانەیش كە لە پارێزگا جیاوازەكانی هەرێم و عێڕاقەوە تەشریفیان هێناوە .
خوشك و برایانی بەڕێز ….. زانكۆی جیهان – هەولێر لە دوانزە ساڵی تەمەنیدا و هەر لە ساڵی 2007 ەوە كە ساڵی دامەزراندنیەتی ، بەوە جیاواز دەركەوتوە كە هەموو ساڵێك شتێكی نوێ لە هەگبەیدا هەبوە و پێشكەشی كردوە ، ئەو زانكۆیەی كە لەسەرەتادا بە سێ بەشی زانستی دەستی پێكرد و زۆر بە خێرایی ، بە كاركردنی بەردەوام و هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك گەشەی سەند تا گەیشتە ئەو ئاستەی كە لە ئەمڕۆماندا و لە ساڵی 2018 دا بوە بە 21 بەشی زانستی تایبەتمەند . ئەم كۆششە زانستیە كەڵەكەبووە پیرۆزە بەری رەنجی شەونخوونی و كۆشش و ماندوونەناسی بەردەوامی بەربژێرێكە لە باشترین ئەو ئەكادیمیایانەی كە زانكۆی جیهان- هەولێر بۆلای خۆی راكێشی كردوون ، تا ئەركی بەرپرسیاریەتی ئەكادیمی بەرامبەر بە زیاتر لە 5000 قوتابی كۆڕ و كچ هەڵبگرن كە بە هەموویانەوە نوێنەرایەتی خانەوادەیەكی گەورە دەكەن كە ناوی (زانكۆی جیهان – هەولێر) ە .
ئێمە شانازی بەوە دەكەین كە زانكۆكەمان یەكێكە لە سەرچاوە زانستیە درەوشاوەكانی كاروانی خوێندنی باڵا و گەشەسەندن ، داهێنان و بیركردنەوە و بەدەستهێنانی سەركەوتن ، چونكە زانكۆكەمان رژدە لەسەر پەرەدان بە دیدگا و پەیامەكەی بە بەردەوامی ، وە لەهەمان كاتدا پەرە دەدات بە پلان و بەرنامەكانی بە شێوەیەك كە لەگەڵ پێداویستی بازاڕی ناوخۆیی و عەرەبی و جیهانیدا دا بگونجێت ، چونكە ئێمە ئەو توانستە راهێنراوانەی هاودەمی پێداویستیەكانی سەردەمن ، وەك ئامرازێكی ئابووری سەیری دەكەین كە بونیادنەری چالاكی ئابووری و داهاتە ، وە لەهەمان كاتدا پشتیوانەیەكی مرۆیی و مەعریفیشە ، بەشداری دەكات لە گەشەپێدانی كۆمەڵگە نیشتمان پەروەر و نێودەوڵەتیەكان دا
ئامادەبوانی بەڕێز : هەروەك دەزانن توێژینەوەی زانستی و فێركردن بۆ ئەكادیمیە بەهرەدارەكان ، یەكێكە لە ئامانجە جیاوازەكانی زانكۆ و پێداگری لەسەر دەكات ، وە لەبەر رۆشنایی ئەمانە زانكۆی جیهان – هەولێر تێدەكۆشێت لەپێناو بەدەستهێنانی ناوبانگێكی نیشتیمانی و نێودەوڵەتی باش و لەنێو زانكۆكانیشدا پێگەیەكی بەرزی هەبێت لەرێگەی دانانی ئەو ستراتیژیەتانەی كە چارەسەری پێداویستیەكانی رابوونی زانستی دەكەن لە پێناو دەستەبەر كردن و فەراهەمكردنی داواكاریەكانی داهاتوو و هەر لەم قۆناغەشدا ، هاودەم بێت لە گەڵ ئەو گفتوگۆ جدیانە و توێژینەوەی زانستی و ، ئەو راكێشان و جمووجۆڵە چالاكەی كە زانكۆ نیشتمانی و جیهانیەكان دەیكەن بۆ راستكردنەوەی رێڕەوەكە بە ئاراستەی جۆریی خوێندن و داواكاریەكانی كۆمەڵگە لەلایەك ، وە بەستنەوەی خوێندنی باڵا بە پێویستیی راستەقینەی گەشەكردن لەلایەكەی تریەوە. سەرەڕای ئەوەی كە لەسەرەوە باسمان كرد ، هەڵسەنگاندنی نیشتمانی زانكۆیی (NUR) پەیڕەوكراو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستانی عێڕاق كە دواتر بوو بە پێوەری ساڵانەی نیشتیمانی بۆ زانكۆكان ، زۆر بەهێزەوە جەخت لەوە دەكات كە زانكۆكان كار بە پەیڕەوكردنی پێوەرە جیهانیەكان بكەن بۆ بەرزكردنەوەی ئاست و پێگەی خۆیان لەنێو زانكۆكانی ناوچەكەدا .
وە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەم گۆڕانكاریانەی كە روویاندا لەسەر ئاستی هەڵسەنگاندنی نیشتیمانی بۆ ئەمساڵی ئەكادیمی 2017 – 2018 ، زانكۆی جیهان – هەولێر هەڵسا بە گرتنەبەری ستراتیژیەتێكی نوێ لە رێگەی دانانی چەند بنەمایەكی پتەو لە هاوكاری ئەكادیمی و پیشەیی لەگەڵ چەند زانكۆیەكی پێشەنگ و ناودار لە جیهاندا ، هەروەها جەخت دەكاتەوە لەسەر میوانداریەتی كردنی كۆنفرانسی جیهانی تایبەتمەند لەچەند بوارێكی زانستی دیاریكراودا ، وە بانگهێشتكردنی توێژەرە جیهانیەكان لە زانستەكان و ئەندازە و بوارە مرۆییەكان وزانستە كۆمەڵایەتیەكاندا ، چونكە ئامانج لەم كۆنفرانسانە بەشداری كردن و گۆڕینەوەی چالاكی و دەرەنجامە توێژینەوەییە جیهانیەكانە لەلایەك وە بونیاتنانی تواناكانە لەلایەكی تر لە رێگەی ئاڵوگۆڕپێكردنی زانست و مەعریفە و گفتوگۆكردن لەسەر ئەو گرفتانەی كە جێگەی گرنگی پێدانی ئەكادیمیە جیهانیەكان و پسپۆڕە نێوخۆییەكانە لە هەمان بواردا .
رێكخستنی دووەمین كۆنفرنسی زانستی نێودەوڵەتی بۆ زانستە كارگێڕی و داراییەكان لە زانكۆی جیهان – هەولێر بەم ئاست و جۆریە لە توێژەران و توێژینەوەكان كە نوێنەرایەتی زانكۆ جیاوازەكانی جیهان دەكەن ، جەخت لەو رێگا و رێچكە پتەوە دەكاتەوە كە زانكۆكەمان گرتوویەتیە بەر و، جیاوازیەكی تر دروست بكات كە بریتیە لە بەشداریكردنی راستەقینە و جدیانە لە بزاڤی توێژینەوەی زانستی جیهانی.
ژمارەی ئەو توێژینەوانەی كە گەیشتوونەتە كۆنفرانس بریتی بوون لە (125) توێژینەوە ، لەوانە (83) توێژینەوە وەرگیرا وە (38) یان رەتكرانەوە و (4) توێژینەوەش دوور خرایەوە لەبەر یەكنەگرتنەوەی لەگەڵ مەرج و تەوەرەكانی كۆنفرانس . بەدەستهێنانی ئامانج كارێكی گرنگ و پێویستە وە پارێزگاری كردن لێی گرنگ ترە ، گەیشتن بەم ئامانجانە بەكۆشش و ماندووبوون دەبێت لە گشت ئاستەكاندا ، وە سوود لە كات و بەرنامە و گفتوگۆكردن لە بابەتە ئەكادیمیەكان بەدەست دەهێنرێت چ لەناو هۆڵەكانی خوێندن بێت یان لە كۆڕ و سیمینار و كۆنفرانسەكان . لێرەوە زانكۆی جیهان – هەولێر جەخت دەكاتەوە كە تا ئەوپەڕی توانای مكوڕە لەسەر ئەوەی لە كاروانی دوا گۆڕانكاریە ئەكادیمیە جیهانیەكان دوانەكەوێت و لە پەیوەندی بەردەوام بێت لەگەڵ زانستەكان و تەكنەلۆژیای پێشكوتوی جیهانیی تا بەبەردەوامی ، وەك مەشخەڵێكی درەوشاوە ، بەردەوام زانست و چاكە ببەخشێتەوە ، هەرەوەها مرۆڤی وا بە ژیان و كۆمەڵگە پێشكەش بكات كە بتوانێت خزمەت بە نیشتمان بكات و بونیاتی بنێت و بەرەو پێشەوەی ببات و ئاواتی گەلەگەشی بێنێتە دی .جگە لەمە ، زانكۆ هەل و پاڵپشتی خۆی بۆ گشت قوتابیان و دەستەی فێركاری لە مامۆستایان فەراهەم كردوە بۆ بەدەست هێنانی بەرزترین ئاستەكانی زانست و مەعریفەت ، لەپێناو بەدەستهێنانی ژیانێكی پیشەیی باشتر ، تا زانكۆكەمان بێتە ئاستی ئەو زانكۆ جیهانیانەی كە بەردەوام خواستیان بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیە .
لە كۆتاییدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی بێ پایانی خۆم پێشكەش بە رێكخەران و دەستەی فێركاری زانكۆی جیهان – هەولێر بكەم بۆ ئەو هەموو هەوڵ كۆشش و ماندووبوونەی كە داویانە بۆ بەستن و سەرخستنی ئەم كۆنفرانسە ، تاوەكو لەئاستی ئامادەبوانی بەڕێز بێت ، هەروەها دەمەوێت جارێكی تر بەهەموو فەخر و شانازیەوە بەخێرهاتنتان بكەمەوە و رێز و ستایشی قووڵی خۆمتان بۆ دەرببڕم بەرامبەر بە ئامادەبوونتان لە كۆنفرانسەكەمان و قبووڵكردنی داوەتنامەكەمان و پاڵپشتیكردنتان لە چالاكیەكانی ناو ئەم كۆنفرانسە . داواكارم لەخوای گەورە و میهرەبان سەركەوتن و تۆكمەیی زیاتر بخاتە ناو تێكۆشان و كۆششی سەرپەرشتیارانی ئەم كۆنفرانسە زانستیە نێودەوڵەتیە …… هیوای ئەوپەڕی سوودبینین بۆ بەشداربوانیش دەخوازم لەم دیدارە ناوازەیەدا
2- ووتەی بەڕێز د. نوزاد یحیی باجگر سەرۆكی دەستەی ئەمینداریەتی زانكۆكانی جیهان
3- ووتەی بەڕێز د. محمد كەلاری نوێنەری بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
پاشان پ .ی . د. عباس فاچل لگیف سەرۆكی یەكەمین دانیشتنی كۆنفانس بە هاوكاری م. ئومێد حسین بڕیاردەری ئەم دانیشتنە دەستیان كرد بە كردنەوەی دانیشتنی یەكەم كە تیایدا بەڕێز (Dr. Jay Josep) بابەتێكی پێشكەش كرد بە ناونیشانی (Academic research and advancement of our collective worldview) . دوای تەوابوونی بابەتەكە ئامادەبووان پرسیار و سەرنج و تیبینی خۆیان خستە روو و پێشكەشكاری بابەتەكەش ووەڵامی ئامادەبووانی دایەوە .
دوای وەرگرتنی پشوویەكی كورت بەشداربووان سەردانی پیشانگای قوتابیانیان كرد لە میانەی پشوەكەدا ،و پاشان بەشداربووانی كۆنفرانس بەرە و هۆڵەكان بەڕێكەوتن بۆ قسە كردن لەسەر تەوەرەكانی كۆنفرانس كە خۆی لە 8 تەوەر دەبینیەوە .
لە كاتژمێر (3:00) ی دوای نیوەڕۆ بەشداربووان دەستیان لە كارەكانیان هەڵگرت بەرەو خوانی نیوەڕۆ بەڕێكەوتن و دواتر گەِانەوە بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكان .
شایەنی باسە ئەم كۆنفرانسە (125) توێژینەوەی بەدەست گەیشتوە لەوانە (82) وەرگیراوە و (39) رەتكراوەتەوە و (4) مەرجی زانستیان تێدانەبوو دوو رۆژ دەخایەنێت و لە كۆتایی كۆنفرانسەكەدا راسپاردەكان دوای كۆكردنەوەیان دەخوێنرێنەوە ، پاشان دەخرێنە بەردەست بەرپرسان تا لە داهاتوودا كاری لەسەر بكەن و لە رۆژی پێنج شەممە 28 / 6 / 2017 كۆتایی بەكارەكانی دێنێت.
دوای دابەش بوونی بەشداربووان بەسەر تەوەرەكانی كۆنفرانس و دەست كردن بە گفتوگۆی توێژینەوەكان هەوڵماندا سەرنج و تێبینی بەشدارووان دەربارەی كۆنفرانسەكە وەربگرین ، و ئەمەی خوارەوە دەقی دیمانەكانە لەگەڵ بەشێك لەو توێژەرانەی كە بە توێژینەوە بەشداریان كردبوو :
دیمانەی یەكەممان لەگەڵ بەڕێز د. عادل محمد عبدالله لە زانكۆی مۆسڵ كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری بەشی كارگێڕی بە توێژینەوەیەك بەشداری كردبوو بەناونیشانی (اثر عناصر انموذج الاعمال فی استراتیجیە التسویق الأخضر– دراسة تحلیلیة) كە لەسەر چەند نەخۆشخانەیەكی شاری موسڵ ئەنجام دراوە . بەڕێزیان سەرەتا سوپاسی زانكۆی جیهان – هەولێری كرد لەسەر بانگهێشت كردنی و سەرسامی خۆی دەربڕی لەبەرامبەر رێكخستنی كۆنفرانسەكە و بەكارهێنانی بواری ئەلیكترۆنی و ئەو پێشوازیە گەرمەی كە لێیان كرا وەكو توێژەر و كەسایەتیەكی ئەكادیمی ، هەروەها شێوازی هەڵبژاردن و وەرگرتنی توێژینەوەكان بەرز نرخاند كە بەشێوەیەكی زۆر ئەكادیمیانە و زانستیانە ئەنجام دراوە و هیوای ئەوەی خواست كە ئەم كۆنفرانسانە بەردەوام بێت و ئەم توێژینەوانە سوودیان ببێت بۆ گەلانی عێڕاق
پاشان روومان لە توێژەرێكی تر كرد كە ناوی (بلال توفیق یونس) هەڵگری ماستەرە لە بواری كارگێڕی پیشەسازی لە زانكۆی موسڵ . باسی لە توێژینەوەكەی كرد كە بەناونیشانی (رأس المال الإجتماعی و دوره فی نجاح التوجه الریادی – دراسة إستطلاعية) كە لەسەر كۆمەڵێك كۆمپانیا لە ناوەوەی هەرێم و پارێزگای تری عێڕاق ئەنجامی داوە . بەڕێزیان بۆ وێبسایتەكەمان دواو ووتی كۆنفرانسێكی زۆر گرنگەو من لەچەندین لەچەندین كۆنفرانسی تر بەشداریم كردوە بەڵام رێكخستن و پێشوازی و شێوازی هەلبَژاردنی توێژینەوەكانی لەلایەن زانكۆی جیهان – هەولێرەوە زۆر ناوازە بوو و بە باشترین كۆنفرانسی ئەژماردەكەم لە نێو ئەو كۆنفرانسانەی كە بەشداریم تێداكردووە وە ئەو تێبینیانەی كە لێژنەی هەڵسەنگاندنی توێژینەوەكان لەسەر توێژینەوەكەم پێیاندا م توێژینەوەكەی تۆكمەتر كرد و ئەزموونی ئەم بەربژێرە لە مامۆستایانی زانكۆی جیهان – هەولێری بەرز دەنرخێنم و هیوادارم ئەم جۆرە كۆنفرانسانە بەردەوام بێت تا هەموولایەك سوود لە توێژینەوە و ئەزموونی یەكتر ببینین و هیوای سەركەوتن بۆ زانكۆی جیهان – هەولێر دەخوازم
لە میانەی كۆنفرانسەكەدا چاومان بە دوو بەڕێزی تر كەوت كە بەهاوبەشی توێژینەوەیەكیان ئەنجام دابوو ئەویش بەڕێزان (حلیم اسماعیل شنتە ) پسپۆڕە لە بواری ژمیریاری لە زانكۆی (المستنصریە) توێژینەوەكەیان بە ناونیشانی (الإدارە اڵالكترونیة و مزایاها و و ظائفها و مراحل تطبیقها – دراسە استطلاعیة) بەڕێزیان باسی لە توێژینەوەكەیان كرد و ووتی توێژینەوەكەمان لەسەر رۆڵی بواری ئەلیكترۆنی بوو لە كەمكردنەوەی رۆتین و گرفتی ئیداری لەرووی رایی كردنی مامەڵەی هاووڵاتیان و فەرمانگەی چاودێری كۆمەڵایەتیمان بە نموونە وەرگرت كە فەرمانگەیەكە سەر بە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی وە سەبارەت بەم كۆنفرانسە لەراستیدا كۆنفرانسەكە لەبەرزترین ئاستی زانستی و ئەكادیمیدایە و سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەیان دەكەین و رێكخستنێكی باشیان كردووە بۆ سەرخستنی كۆنفرانسەكە و سوپاسی ستافی بەڕێوەبردنی زانكۆی جیهان – هەولێر دەكەم هەر لەسەرۆكی زانكۆ تا مامۆستایان و فەرمانبەرانی و هیوادارم ئەم پردەی پەیوەندی لەنێوانماندا نەپچڕێ و ئەم زانكۆیە پێشەنگ بێت لە بواری توێژینەوە و زانست و مەعریفەدا .
پاشان خاتوو (وداد موسی محمد) مامۆستا لە زانكۆی بەغداد كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری بەشی كارگێڕی پیشەسازی كە بە هاوبەشی توێژینەوەی خۆی ئەنجام دابوو بە ناونیشانی (الإدارە اڵالكترونیە و مزایاها و و ڤائفها و مراحل تطبیقها – دراسە استطلاعیة) . بەڕێزیان باسی لە هاتنی بۆ ئەم كۆنفرانسە كردوو ووتی : زۆر سوپاسی زانكۆی جیهان – هەولێر دەكەم بۆ بانگهێشتنامەكەی لەڕاستیدا كۆنفرانسێكی زۆر سەركەوتوە و ئەم توێژینەوانەی كە پێشكەشكران لە ئاستێكی زۆر بەرز دان و نیشانەی ئەوەیە كە ئەزموونی گەورە و كەسایەتی زۆر زانستی و پڕۆفیشناڵ و شارەزا ئەم زانكۆیە بەڕێوەدەبات و هیوای سەركەوتن بۆ زانكۆی جیهان – هەولێر دەخوازم .
رۆژی دووەمی كۆنفرانس :
لە رۆژی 28 / 6 / 2018 كە رۆژی دووەم و كۆتایی كۆنفرانس بوو ، توێژەران بەردەوام بوون لە پێشكەشكردنی بابەتەكان و گۆفتووگۆكردن لەسەر توێژینەوەكان ، پاشان گفتوگۆكان چڕ كرانەوە لەسەر ئەنجامی وتوێژەكان و كۆكردنەوە و تۆماركردنی راسپاردەكان ، دوای تەواوبوونی جێگیركردنی راسپاردەكان گشت توێژەران لە هۆڵی كۆنفرانسەكان كۆبوونەوە بۆ تەواوكردنی مەراسیمی رۆژی دووەم و كۆتایی كۆنفرانسەكە و بەم شێوەیە بەڕێوەچوو:
1- خوێندنەوەی بەلاغی كۆتایی و راسپاردەكانی دووەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بۆ ئەدەب و هونەر لەلایەن بەڕێز پ.ی د. عباس فازڵ لوتفی سەرۆكی بەشی ئینگلیزی و سەرۆكی یەكەمین دانیشتنی كۆنفرانس
2- خوێندنەوەی بەلاغی كۆتایی و راسپاردەكانی دووەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بۆ كارگێرو دارایی لە لایەن بەڕێز د. موفق احمد علی هەماهەنگكاری گشتی كۆنفرانس كە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو
یەكەم :راسپاردە گشتیەكان :
1. پەرەدان بەو تەشریعات و یاسایانەی چالاكیە ئابووریە جۆراوجۆرەكان رێكدەخات تا ئەم یاسایانە ببنە پاڵپشت بۆ گەشەسەندنی ئابووری و كۆمەڵایەتی.
2. لەبەر ئەوەی ئەوەی ئێمە لە هەزارەی سێیەمدا دەژین كە بە شۆڕشی گەیاندن و زانیاری ناسراوە ، ئەم گۆڕانكاریانە وامان لێدەكات كە ژێرخانی تەكنەلۆژیای زانیاری بە هەموو رەهەندەكانیەوە (تۆڕەكان ، سیستمەكان ، پڕۆگرامەكان) پەرەپێبدەین و بو باشترین شێوە بەكاری بێنین تا جیهانی كاردا پێشەنگ بوون رابەرایەتی بەدەست بهێنین.
دووەم :راسپاردە تایبەتەكان :
1. پەیڕەوكردنی ستراتیژیەتی باشكردنی بەردەوام بۆ سیستم و كردەكان بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئەدای دامەزراوەیی بۆ گشت رێكخراوەكان .
2. پاڵپشتیكردنی ( الزیادة المستدامة) وپێشەنگ بوونە دامەزراوەیی لە هەموو رەهەندەكانیەوە وەك یەكێك لە ئامرازەكانی كێبڕكێكردن لەسەر ئاستی دامەزراوە یان ئابووری نیشتمانی .
3. بەكارهێنانی (لامەركزیەتی دارایی) وەك شێوازێكی پەیڕەوكراو لە حكومەتی دیموكراسی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
4. بەهێزكردن و پاڵپشتیكردنی رۆڵی مەعریفە وداهێنانی مەعریفی بۆ بەرەوپێش بردنی هەموو ئەو چالاكیانەی كە رێكخەرەكانی كار ئەنجامی دەدەن.
5.گرنگیدان بە سەرمایەی مرۆیی بە رەچاوكردنی ئەوەی كە بنەمای سەرەكیە لە پەرەدان بە ئەدا و بەدەستهێنانی كاریگەری و لێهاتوویی لە جێبەجێكردن و دەسكەوتەكاندا لەسەر ئاستی رێكخراوەكان.
6. فراوانكردنی سنووری بەكارهێنانی بازاڕخستنی ئەلیكترۆنی بۆ كاڵاو خزمەتگوزاریەكان وەك گەرەنتیەك بۆ بەدەستهێنانی پشكی گەورە لە بازاڕە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەكاندا.
7.جێبەجێكردنی بنەماكان و ستراتیژیەكانی بەڕێوەبردنی كوالێتی گشتگیر لە گشت ئاستی چالاكیەكان لە رێكخەرەكانی كار و بۆ بەدەستهێنانی ئاستی بەرز لە جێبەجێكردن.
8. فراوانكردنی سنووری بەكارهێنانی پڕۆگرامە نۆێكان لەكاتی ئامادەكردنی موازەنەی گشتی بۆ گەرەنتی كردنی ووردەكاری و خێرایی لە تۆماركردن و چارەسەركردنی داتا ژمێریاریەكان .
9. فراوانكردنی سنووری جێبەجێكردنی پێوەرە نێودەوڵەتیەكان لە ژمێریاریدا ، بۆكەمكردنەوەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی
10. جێبەجێكردنی ئەدازیاری بەهایی و بەكارهێنانی وەك ئامرازێك بۆ كەمكردنەوەی تێچوەكان لە پڕۆژە بەرهەمهێنەكان.
11. بەدەستهێنانی ( الاستدامة البیئیة) ، چونكە بوەتە پێویستیەك و بێ ئەو كارەكان ناچن بەڕێوە ، وە مسۆگەر كردنی ئەم (استدامە) یەش پێویستی بە فراوانكردنی بەكارهێنانی ژمێریاری ژینگەیی هەیە وەك رەگەزێك بۆ مسۆگەر كردنی ئەم (استدامە) یە .
12. كۆكردنەوەی بنەمای (التكلفة التاریخیة ) و(القیمة العادلة ) وەك بنەمایەك كە پشتی پێببەسترێت بۆ مسۆگەركردنی كوالێتی راپۆرتە داراییەكان .
13. كار كردن لەسەر بڵاوكردنەوە و بەكارهێنانی كارتی ( الاداو المتوازیە) وەك ئامرازێك بۆ زیاد كردنی قەبارەی قازانج و باشكردنی ئاستی كێبڕكێ كردن بۆ رێكخەرەكانی كار.
14. بەكارهێنانی هاوسەنگی پڕۆگرامەكان و ئەداكرد وەك بنەماكانی حوكمڕانی و چاودێری دارایی بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی دارایی بۆ .
15. فراوانكردنی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای زانیاری بۆ پەرەدان بە (الشمول المالی).
16. بەكارهێنانی ئەپڵیكەیشنەكانی بازاڕخستنی ئەلیكترۆنی بۆ مسۆگەركردنی دروستكردنی خزمەتگوزاریە بانكیەكان
17. فرەجۆركردنی جزدانی وەبەرهێنان( المحفظة الاستثماریة) لە كەرتی دڵنیایی لە عێراق لە رێی فراوانكردنی وەبەرهێنان لە كەرتە ئابووریە جیاوازەكان ، هەروەها بونیاتنانی ستراتیژیەتەكانی وەبەرهێنان لەسەر بنەمای (الاهمیة النسبیة ) بۆ سوودەكانی وەبەرهێنان .
18. داڕشتنی سیاسەتە ئابووریە پاڵپشتەكان بۆ (النموالمستدام ) ، كە مەبەست لێی فرەچەشن كردنی پەیكەری بەرهەمی ئابووری هەرێم بەتایبەت وە ئابووری عێڕاق بە گشتی .
19. دروستكردنی كەشێكی وەبەرهێنان كە سەرنجی وەبەرهێنە نێوخۆیی و بیانیەكان بۆ خۆی رابكێشێت .
20. بەهێز كردنی تواناكانی كۆنترشۆڵكردنی قەرزی گشتی لە رێی دانانی هەژماری قەرەبووكردنەوەی قەرزی گشتی كە لەم هەژمارەدا هەر زیادبوونێك لە نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانیەكان رووی دا لەم هەژمارە دابنرێت .
21. پشگیری كردنی هەوڵەكانی حكومەت لە جێبەجێكردنی رێكارەكانی توندوتۆڵكردنی دارایی لە رێی رێككردنی رێككەوتنی (الجاری ) و رێككەوتنی (الرأس مالی الكفؤ).
22. گشتگیری دارایی بە هەردوو بەشی (ئاسۆیی و ستوونی) بناغەیەكی سەرەكین بۆ (الاستدامە المالیە) , وە بەهۆی لاوازی (الشمول المالی) لە هەرێم و عێراقدا ، ئەوا سیستمی بانكی وە لەسەرووی هەموویان بانكی ناوەندی عێراقی پێویستە لەسەری ئەو بنەماو رێكارە گرنگ و پێویستانە دابنێت بۆ بەدەستێنانی ئەم ئیستیدامەیە.
دووەم : ئالیەتەكانی جێبەجێكردنی راسپاردەكان
پێكهێنانی چەند لێژنەیەك بۆ بەدواداچوون و دەرەنجامەكان وئەو راسپاردانەی كە زانكۆ پێی گەیشتوە ، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەم لایەنە سوودمەندانەی خوارەوە :
– وەزارەتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی
– دامەزراوە و كۆمپانیا بەرهەمهێنەر و خزمەتگوزرایە گشتی و تایبەتەكان .
– زانكۆكان و سەنتەرە توێژینەوەییو لێكۆڵینەوەییەكان .
لە پێناو سوود بینین لە ئەنجامەكانی ئەم توێژینەوانە و دانانی سیاسەت و پڕۆگرامە پێویستەكان لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی لەكۆمەڵگەدا .
3- ووتاری بەڕێز د. نوزاد یحیی باجگر سەرۆكی دەستەی ئەمینداریەتی زانكۆكانی جیهان بەبۆنەی كۆتاییهاتنی كۆنفرانس
4- ووتەی كۆتایی هاتنی كۆنفرانس لەلایەن بەڕێز د. امجد صابر دەلۆ سەرۆكی زانكۆی جیهان – هەولێر
5- ووتەی پڕۆفیسۆر د. سعید علی العبیدی كە بەناوی ئامادەبووانی كۆنفرانسەوە پێشكەشی كرد
پاشان وەك پێزانینێك بۆ ماندووبوونی توێژەران و تۆماركردنی سەروەریەكی تری زانستی و پێشەنگ بوون لەم بوارەدا ، زانكۆی جیهان – هەولێر پێكهێنانی ( رابیتەی توێژەرانی عێڕاقی ) راگەیاند تا ببێتە ئەو چەترەی كە هەموو توێژەرا لەسەر ئاستی عێڕاق لەخۆی كۆ بكاتەوە و بەمەش زانكۆی جیهان – هەولێر سەرەڕای كورتی تەمەنی سەروەریەكی تر و پێشەنگی بۆخۆی تۆمار كرد و بۆ هەموولایەكی سەلماند كە بە گوتار و كردار هەڵگری مەشخەڵی زانست و مەعریفەیە و دەیەوێت شتێك بۆ زانست و توێژینەوەی زانستی لە هەرێم و عێڕاق و ناوچەكە و جیهان زیاد بكات.
پاشان دەست كرا بە دابەشكردنی بڕوانامەی بەشداربوون بە بەشداربووان لەلایەن سەرۆكی دەستەی ئەمینداری و سەرۆكی زانكۆ و راوێژكاری سەرۆكی دەستەی ئەمینداران و یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ و ئەندامێكی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆی جیهان – هەولێر .