دەرچویەکی زانکۆی جیهان-هەولێر بووە براوەی خەڵاتی دەزگای ڕوانگە بۆ داهێنانی زانستی
دەرچویەکی بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی وئینفۆرماتیك لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە داهێنانێکی زانستی بەشداری لە پێشبڕکێی ساڵانەی دەزگای ڕوانگە کرد.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی (25/11/2022) لە ئاهەنگێکی فراواندا، کە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، دەزگای روانگە براوەکانی خەڵاتی روانگەی بۆ (10) بەشی جیاواز راگەیاند، کە زیاتر لە (850) بەرهەم لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەشی دەزگاکە کران.
لەو چوارچێوەیەدا، عەلی سامی سەیدە کە یەکێکە لە دەرچوانی بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی وئینفۆرماتیك لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەپڕۆژەی قۆناغی چوارەمی زانکۆی بەشداری لە پێشبڕکێیەکەدا کرد، لە ئەنجامدا توانی خەڵاتی سێیەمی بوارەکە بەدەست بهێنێ.
ئەو پڕۆژەیە، کە بە سەرپەرشتی مامۆستا عادل حسێن محمد سەرۆکی بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی وئینفۆرماتیك لە زانکۆی جیهان-هەولێر ئامادەی کردبوو، تایبەت بوو بەداهێنلنێکی زانستی بە ناوی “پشکنینی خوێنبەرەکانی جەستە”، داهێنانەکە سوودێکی زۆری بۆ هاوکاریکردنی پەرستاران و، نەخۆشخانەکان هەیە بەتایبەت بۆ وەرگرتنی خوێن بە وردی و، دوورکەوتنەوە لە حاڵەتەکانی خوێنبەربوونی ناوەوە.
دەزگای روانگە، بەمەبەستی برەودان به توانای لاوان و دۆزینەوەی بەهرە شاراوەکانیان و بەگەڕخستن و پەرەپێدان بەتوانا و متمانەی گەنجان و، وەگەڕخستنی کارامەییە هونەریی و ئەدەبیی و زانستییەکانیان، ساڵانە پێشبڕکێیەک لە بوارەکانی (کورتە چیڕۆک(زمانی کوردی)، کورتە چیڕۆک (زمانی عەرەبی)، کورتە فیلم، فۆتۆگرافیی، تاکژەنی میوزیک، داهێنانی زانستیی، هونەری ریسایکلین، وێنەکێشان، دەستپێشخەری کار، هۆنراوە (زمانی کوردی)، هۆنراوە (زمانی عەرەبی)، پڕۆگرامسازی) بۆ ئەو لاوانەی کوردستان و عیراق ڕادەگەێنێ، کە تەمەنیان لەنێوان (25-15) ساڵانە، بۆ ئەمساڵیش زیاتر لە (850) بەرهەم لە (10) پارێزگا و شاری عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەشی دەزگاکە کران، کە )566(یان کوڕ و (297)یان کچ بوون. لە ئەنجامدا (36) کەس توانیان خەڵاتەکانی دەزگای روانگە بۆ ساڵی (2022) بەدەست بهێنن.