پلاندانانی ستراتیژی پێشکەوتوو لە وۆرکشۆپێکى زانستیدا
ڕۆژانى چوارشەممە و پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٣ و ٢٤/١١/٢٠٢٢) بەچاودێڕى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرک شۆپێکی بەڕێوەبرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە بە ئامادەبوونی نوێنەرى ژمارەیەک لە کۆمپانیا بازرگانی جیاوازەکان و، مامۆستایانى زانکۆ بەڕێوەچوو. لە بەشى یەکەمى ڕۆژى یەکەمدا لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر مەهدی ساڵح بابەتێک بەناونیشانى “ناساندنی پلاندانانی ستراتیژی بازرگانی” پێشکەشکرا، بۆ ئەوەش باسى لە چۆنیەتی داڕشتنی پلانی ستراتیجی لەبواری مارکێتینگ کرد، لە پێناو بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی پشکی بازاڕ و بەرزترین ڕێژەی قازانج. لە بەشی دووەمدا مامۆستای وانەبێژ، سەحەر جەلال فەتاح بابەتێکى لەبارەى مۆدێلە مۆدێرن و کلاسیکەکانى بازاڕکردن و بەراوردکردنى نێوانیان پێشکەش کرد، بۆ ئەو مەبەستە باسى لە چۆنیەتى گرنگیدان بە مۆدێلی نوێ، لەوانە مارکێتینگی پەمەیی، مارکێتینگی دیجیتاڵی، و مارکێتینگی ناوەڕۆک کرد.
لە ڕۆژى دووەمى وۆرکشۆپەکەدا، بە ناونیشانی “پلاندانانی کارپێکراو و پەرەپێدانی بازرگانی” ڕەشید حتاحیت بەڕێوەبەری پەرەپێدانی بزنس لە کۆمپانیای ئەلیاسرە فۆدز بابەتێکى پێشکەش کرد، لەو چوارچێوەیەدا باشترین شێوازەکانی بنیاتنانی پلاندانانی سەرکەوتوویی خستەڕوو، کە یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی خێرایی گەشەپێدان لە کۆمپانیاکاندا.
لە کاتێکدا بەشی چوارەمی وۆرکشۆپەکە، کە بەناونیشانی “بەڕێوەبردنی ستراتیژی فرۆشگەکانی تاکەکەسی” بوو، کە لەلایەن ڕەشید حتاحیت بەڕێوەبەری گشتی هایپەرمارکێتی ماجیدی پێشکەشکرا، تیایدا باسی ئەو بەڕێوەبردنە ستراتیژییەی کرد، کە هایپەرمارکێتی ماجیدی بەکاریدەهێنێت بەئامانجی بەدەستهێنانی سوودی زیاتر، کە گەرەنتی مانەوەی بەرهەمى بەردەوام لە بازاڕدا دەکات. کۆتا بەشى وۆرکشۆپەکە بە ناونیشانی “ئاڵەنگارییەکان و دەرفەتەکان بۆ جێبەجێکردنی بازرگانی ئەلیکترۆنی بۆ بازرگانی” بوو. ئەو بابەتەش لەلایەن (ئاوارە ڕەسووڵ)، گەشەپێدەری کاروباری بازرگانی ئەلیکترۆنی لە کۆمپانیای ئەلجیبال ئەلیکترۆنیکس پێشکەش کرا، بۆ ئەو مەبەستە بەوردى باسی لە ڕێکخراوە بازرگانییە جیاوازەکان بەگشتی و کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانبەتایبەت کرد، کە یارمەتیدەر دەبن لە بەدەستهێنانی بەرزترین پشکی بازاڕ.