زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێگەى ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى، فێرخوازان دەکاتە خاوەن کارى خۆیان
بۆ پاڵپشتیکردنى ئەو فێرخوازانەى، کە خاوەن بیرۆکە و پڕۆژەى تایبەتن، زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوکارى ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى (IOM) پڕۆژە و بیرۆکەکانیان جێبەجێ دەکات، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێریش هانى فێرخوازان دەدات داهاتوى خۆیان بونیاد بنێین و، سود لەو دەستپێشخەرییە وەربگرن.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٦/٤/٢٠٢٢) بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ژمارەیەک لە سەرۆک بەشە زانستیەکان و مامۆستایان و فێرخوازانى بەشە زانستیەکان، لە هۆڵى (VIP)ى زانکۆ نوێنەرانى ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى (IOM) دەقى پڕۆژەکەیان خستەڕو.
بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا لەلایەن (ئیبراهیم سەلام) لە ڕێکخراوى (IOM) کورتەیەکى لەبارەى ڕێکخراوەکەیان و ئامانج و کارەکانیان بۆ ئامادەبوان باسکرد، پاشان (سرود بەختیار) لەهەمان ڕێکخراو بەدورودرێژەى باسى لەلایەنەکانى پڕۆژەکەیان و هەنگاوەکانى پێشکەشکردن و بەدەستهێنانى گرانتەکان کرد، لەو چوارچێوەیەشدا ڕونیکردەوە: پڕۆژەکە بەناوى (edf) سەرەتا لە شارى موسڵ دەستپێکرد و، لە ئێستادا (١١٤٦) پڕۆژە لە (٩) پاریزگاى عێراق چۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە بەهۆیەوە هەلى کار بۆ (٥٥٨١) کەس ڕەخساندوە، وتیشى ناوەڕۆکى پڕۆژەکە بریتیە لە جێبەجێکردنى پڕۆژە و بیرۆکەیەکى داهێنەرانە و، لەلایەن ڕێکخراوەکەمان بەبڕى (١٠٠٠٠ تا ٣٠٠٠٠) دۆلار وەک فەند بەپێى قەبارەى پڕۆژەکە پاڵپشتى دەکەین، بەمەرجێک بتوانێ هەلى کار بۆ (١- تا ١٠) کەس بڕخسێنى، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لە وردەکارى پێشکەشکردنى پڕۆژەکان و مەرج و ڕێنماییەکان بۆ بەدەستهێنانى گرانتەکە خستەڕو.
لە بەشێکى دیکەى ئەو چالاکیەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجە سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى ئەوەى سوپاسى ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتیکرد بۆ دەستنیشانکردنى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک یەکەم زانکۆ بەگرنگیەوە لە پڕۆژەکەى ڕوانى و ڕایگەیاند: کارە گرنگەکان لەهەنگاوێکەوە دەست پێ دەکەن، ئەم پاڵپشتیە داراییە بۆ فێرخوازان دەسکەوتێکى گرنگە بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژە و بیرۆکانەى هەتانە، چونکە بەهۆیەوە دەبنە خاوەن کەسایەتى خۆتان و داهاتوتان بونیاد دەنێن، وتیشى بڕوانامە هیچ نیە ئەگەر سکیڵ و توانا و لێهاتویی لەگەڵ نەبێ، بۆیە ئەمڕۆ ڕۆژى ئەو فێرخوازانەیە کە توانا و بیرۆکەى نایابیان هەیە، ئێمەش وەک سەرۆکایەتى زانکۆ، لەسەر ئاستى هەمو بەشەکان لێژنەیەکى تایبەت پێکدەهێنین بۆ پاڵپشتیکردنى فێرخوازان و فراوانکردنى پڕۆژەکانیان بۆ بەدەستهێنانى گرانتەکانى ئەو دەستپێشخەرییە.
لە کۆتایشدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: ئێمە نەهاتوین بڕوانامە ببەخشینەوە، بەڵکو دەمانەوێ فێرتان بکەین، ڕاهێنانتان پێ بکەین، پەرە بەتوانا و لێهاتویەکانتان بدەین، داهاتوتان مسۆگەر بکەین و بەشدارى بکەن لە بونیادنانەوەى وڵاتەکەمان.