زانکۆى جیهان-هەولێر و زانایانى جارێکى دیکە بوونە یەکەمى زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان
وێبسایتى (World Scientist and University Ranking-AD Scientific Index) نوێترین وەشانى بۆ مانگى مانگى نۆڤێمبەر بڵاوکردۆەوە، کە تیایدا ڕیزبەندى بۆ زانایان و زانکۆکانى وڵاتانى عەرەبى کردوە، لەم وەشانە نوێیەشدا زانکۆى جیهان-هەولێر و زانایانى پلەى یەکەمى لەسەر ئاستى زانکۆ و زانایانى لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەدەستهێنا.
لەو وەشانە نوێیەدا، کە ڕیزبەندى بۆ (796) زانکۆ و (38436) زانا لەسەر ئاستى (21) وڵاتى عەرەبى کردوە، لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان زانکۆى جیهان-هەولێر پلەى یەکەمى بەدەستهێناوە، هەروەک لەسەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى عەرەبیش لە پلەى (95)دا هاتووە.
لەسەر ئاستى زانایانیش، جارێکى دیکە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆتە پێشەنگى زانایانى عێراق و هەرێمى کوردستان، بەشێوەیەک پڕۆفیسۆر دکتۆر سەید محمد سەجادی پسپۆڕى کیمیا و مامۆستا لە بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە پلەى یەکەمدا هاتووە، هەروەها پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحمود ئەمین عەبدوڵڵا پسپۆڕى بایۆلۆجى و، مامۆستا لە بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر لەهەمان ڕیزبەندى لە پلەى چوارەمدا دیاریکراوە. بۆ زانیارى زیاتر کلیک (لێـــــرە) بکەن.
وێبسایتى (AD Scientific Index)
وێبسایتى (World Scientist and University Ranking-AD Scientific Index) گرنگترین و کاریگەرترین پێوەرێکی زانستیە بۆ نیشاندانی ڕۆڵی زانکۆ لە بەرهەمهێنانی زانست لە ڕێگەی توێژینەوەی زانستى کاریگەر و بەنرخ، کە تێیدا کار لەسەر کۆی گشتی و ڕێژەی بەرهەمهێنانی پێنج ساڵی کۆتایی زانایان بە پشتبەستن بە نمرەکانی (h-index and i10 index) دەکات. لەم وەشانە نوێیەشدا زانایانى دابەشى سەر (11) بوارى زانستى سەرەکى و، (256) پسپۆڕى لاوەکى کردوە، کە لە ژیانى ئەکادیمى و زانستییان تا ساڵى (2023) توێژینەوەى کاریگەریان بڵاوکردۆتەوە.
زانکۆى جیهان-هەولێر
زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵ ئەوەى خاوەن ستافێکى زانستى بەئەزمون و داهێنەرە، لەهەمانکاتدا خاوەن کەمپیسى تایبەت بەخۆیەتى، کە چەندین تاقیگەى زانستى سەردەمیانەى بۆ توێژەران و فێرخوازان دابینکردوە، لەسەر ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش خاوەن پەیوەندییەکى فراوانى زانستیە لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمى و زانستیەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە جیهان، لەهەمانکاتدا خاوەن کۆمەڵێک متمانەى دامەزراوەى نێودەوڵەتى ئەکادیمییە بەناوبانگەکانی ئەڵمانی و بەریتانیا (ASIC & Zeva)یە بۆ پرۆگرامەکانی خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا سیستمى پرۆسەی بۆلۆنیا پەیڕەو دەکات، کە لە زۆرێک لە زانکۆکانی ئەوروپا پەیڕەو دەکرێ. جگە لەوەش سەرۆکایەتى زانکۆ بەردەوام پاڵپشتى توێژەران مامۆستایان و فێرخوازانە بۆ پەرەپێدان بەتوانا زانستیەکانى، هەر ئەم هەنگاوانەش بۆتە هۆى ئەوەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوام لە پێشەنگى زانکۆکانى کوردستان و عێراق بێ.