زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێکەوتنامەیەک لەگەڵ زانکۆی هاشمی ئوردونى واژۆ دەکات
لە چوارچێوەى بەشداریکردن و بەڕێوەچوونى کۆنفرانسى زانستی (پێوەرى ئەوروپى لە دڵنیایی جۆرى و متمانەبەخشین)، زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى هاشمى ئوردونى ڕێکەوتنمایەک واژۆ دەکەن.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٨/٥/٢٠٢٢) لە شارى بۆخومی ئەڵمانیا، هەریەک پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پڕۆفیسۆر دکتۆر فەواز عبدالحق زەبون سەرۆکى زانکۆى هاشمى لە ئوردون ڕێکەوتنامەیەکى هاوبەشیان لەبارەى پتەوکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوانیان واژۆ کرد.
لە مەراسیمیى واژۆکردنى ڕێکەوتنامەکەدا، کە بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئومێد ڕەفیق فەتاح سەرۆکی زانکۆی جیهان-سلێمانی و، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر زێرڤان عبدالمحسن ئەسعەد سەرۆکی زانکۆی جیهان-دهۆک و، دکتۆر دلێر حسین قادر بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە زانکۆی جیهان-هەولێر. بەڕێوەچوو، لە ڕێکەوتنامەکەدا جەخت لە پەرەپێدانى زیاتر بەپەیوەندییە زانستیەکان و، ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى و بەشداریکردن لە وۆرکشۆپ و سمینار و کۆنفرانسى زانستى و، ئەنجامدانى کۆنفرانس و توێژینەوەى هاوبەش لە نێوان ستافى زانستى هەردوو زانکۆکە کراوەتەوە.
بەو بۆنەیەوە، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر خۆشحاڵى خۆى پیشاندا کە زانکۆکەیان لە هەوڵى بەردەوامدایە بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستیەکانى لەگەڵ زانکۆ بەناوبانگ و پێشەنگەکانى جیهان، دوپاتیشیکردەوە بەرهەمى ئەو ڕێکەوتنامانە لەسەر ئاستى زانستى و توانا و لێهاتویی مامۆستایان و فێرخوازان دەردەکەوێ و، پابەندبونى زانکۆى جیهان-هەولێر بەبنەما و پێوەرە زانستیە نێودەوڵەتیەکان زیاتر دەڕخسێنێ.