زانکۆى جیهان-هەولێر گروپێکى دیکەى فێرخوازان بۆ خوێندن بەرەو پۆڵندا بەڕێ دەکات
لە چوارچێوەی کارە هاوبەشەکانى و بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنانی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەکاندا، لەبەر ڕۆشنایی واژۆکردنى یاداشتنامەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا، لە چەند ڕۆژى داهاتودا گروپێکى دیکەى فێرخوازان بۆ خوێندن بەرەو پۆڵندا بەڕێ دەکات.
بۆ درێژەدان، بە پەیوەندییە زانستیەکانى نێوانیان، لە ڕێکەوتى (٨/٥/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى شاندێک لە پۆڵندا سەردانى زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) و لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر میشال زاسدادە (Prof. Michał Jerzy Zasada) سەرۆکى زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (SGGW) لە پۆڵندا کۆوەوە و، گفتوگۆیان لەبارەى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان کرا، بەتایبەت بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى هاوبەشى نێوانیان.
لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەکانى ئەو کۆبونەوانە و بۆ ئاڵوگۆڕکردنى فێرخوازان، لە چەند ڕۆژى داهاتودا (5) پێنچ فێرخوازى دیکە لە بەشەکانى (بایۆمیدیکاڵ، نیوتریشن و دایەتێتیکس، مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى و ئهندازیاری تهلارسازی) لە زانکۆى جیهان-هەولێرەوە بەرەو پۆڵندا بەڕێوە بکەون بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە بەشە جیاکانى زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (SGGW).
زانکۆى جیهان-هەولێر تاکە زانکۆى تایبەت و پێشەنگ لە هەرێمى کوردستان، کە هەموو کات هەوڵ دەدات دەرفەتى ناوازە بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاوازەکانى خوێندن بڕخسێنى بەئامانجى بەرزکردنەوەى ئاست و توانا و لێهاتویان بەپێى پسپۆڕییەکانیان، ڕەوانەکردنى ئەم گروپەى فێرخوازانیش دەبێتە دەسکەوتێکى گرنگى زانستى لە وێستگەکانى ژیانى فێرخوازان، کە بەهۆیەوە ئەزمونێکى نوێ سەرخانى تواناکانیان دەکەن و، لە داهاتودا بەرهەمەکەى دەچننەوە.