زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی کشتوکاڵی کڕاکۆڤ لە پۆڵەندا کار لەسەر پڕۆگرامی (بڕوانامەی هاوبەش) و ئاڵوگۆڕی زانستی دەکەن
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تەممووز 18, 2026
لە درێژەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ وڵاتی پۆڵەندا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، کۆبوونەوەیەکی گرنگى لەگەڵ دکتۆر کتۆر سیلڤێستەر تابۆر (dr hab. inż. Sylwester Tabor, prof. URK) سەرۆکى زانکۆی کشتوکاڵ لە کڕاکۆڤ (University of Agriculture in Krakow)ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی دروستکردنی پەیوەندیی نێوان بەشە هاوشێوەکانی هەردوو زانکۆ، بۆ ئەوەش سەرەتا سەرۆکى زانکۆی کشتوکاڵ کورتەیەکى لەبارەى زانکۆکەى پێشکەش کرد لەگەڵ ئاماژەکردن بە چالاکى زانستى و بەرهەمەکانیان، لە بەرامبەر سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر جەختى لە پێویستى دروستکردنى هەماهەنگى لەگەڵ زانکۆکە کردەوە بەتایبەت لە ڕێگەى کۆمەلێک بەشى زانستى کە لە نێوان هەردوو زانکۆکەدا هەیە، بەتایبەتی لە بەش و پسپۆڕییەکانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس (Nutrition)، بەشی کیمیایی پزیشکی (Biochemistry)، بەشی بایۆتەکنەلۆجیا (Biotechnology)، (Microbiology) مایکرۆبایۆلۆجی و، بایۆمیدیکاڵ (Biomedical Science)، ئەوە جگە لە بەشەکانی کارگێڕى (Management) ، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئاماژەى بە پێویستى داڕشتنى بەرنامەیەکى هاوبەشی (Dual Degree) لە هەردوو زانکۆکە کرد بەتایبەت لە نێوان بەشە هاوبەشەکان بۆ ئەوەی دەرفەتێک بێت فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر تاوەکو بۆ ماوەى سێ ساڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر بخوێنن و، ساڵێکیش لەوێ بێت تا بتوانن بڕوانامەی هەردوو زانکۆکە بەدەست بهێنێت.
یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانى کۆبونەوەکە، ئەوەبوو، کە سەرۆکی زانکۆی کشتوکاڵی کڕاکۆڤ ڕەزامەندى لەسەر داوایەکى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر نیشاندا بۆ وەرگرتنی دەرچووانى زانکۆی جیهان-هەولێر بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە پسپۆڕییە جیاوازەکانى زانکۆکەیان.
لە کۆتاییدا، بڕیاردرا سەرجەم خاڵە هاوبەشەکانى دیکەى نێوانیان لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى هەردوو زانکۆ تاوتوێ بکرێن تا چوارچێوەى ڕەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتن (MoU) ڕێکبخرێت و پاشان واژۆ بکرێت، تا لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
هەر بەو بۆنەیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بانگھێشتنامەیەکى فەرمی ئاراستەى سەرۆکی زانکۆی کشتوکاڵی کڕاکۆڤ کرا و یاریدەدەرەکەى و شاندێکى زانکۆکە کرد بۆ سەردانیکردنی زانکۆی جیهان-هەولێر لە ساڵی ئاییندەدا، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئاستی زانستیی زانکۆکە و دروستکردنى هەماهەنگى لە بوارەکان و واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکە، لە بەرامبەردا سەرۆکی زانکۆی کشتوکاڵی کڕاکۆڤ ڕەزامەندى نیشاندا و سوپاسى بانگهێشتنامەکەى کرد.



