زانکۆی جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەک لەگەڵ زانکۆی (پزیشکی سیلێسیا) پۆڵەندا واژۆ دەکات
لە درێژەی هەوڵەکان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆی جیهان- هەولێر لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لەگەڵ زانکۆکانی پۆڵەندا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکی زانکۆ جیهان-هەولێر و، پڕۆفیسۆر دکتۆر تۆماس شچپانسکی سەرۆکی زانکۆی پزیشکی سیلێسیا واژۆ کرد.
ڕێککەوتنەکە چەند بوارێکی هاوکاری نێوان هەردوو زانکۆ لەسەر ئاستی زانکۆ بەگشتی و کۆلێژ و بەشەکان بەتایبەتی لەخۆدەگرێت. بەپێی خاڵەکان هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئاڵوگۆڕی وانەبێژ و ستافی ئەکادیمی لەنێوان زانکۆکانیان لەسەر بنەمای پرۆگرامی هاوبەش و ئەنجامدانی چەندین کۆنفرانسی ئەکادیمی هاوبەش، خاڵێکی دیکەی ڕێککەوتنەکە بریتی بوو لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆی پزیشکی سیلێسیا بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر.
هەروەها ڕێکەوتنەکە چەند خاڵێکی دیکەى گرنگی سەبارەت بە پێدانی بڕوانامەی هاوبەش و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ فێرخوازانى هەردوولا لەخۆگرتووە بۆ بەشداریکردن لە خولەکانی ڕاهێنان، جگە لەوەش ڕێکەوتنامەکە چەندین بڕگە و خاڵى دیکەى جیاوازى بۆ شۆڕکردنەوەى گیانى هاوکارى و پێکەوەکارکردن لە بوارى زانستى و ئەکادیمى لە خۆگرتووە.