زانکۆی جیهان-هەولێر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆی پاڵاسکی کۆماری چیک واژۆ دەکات
زانکۆی جیهان-هەولێر لە هەوڵەکانى بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لەگەڵ زانکۆکانی ئەوروپا بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەشدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن (MoU) لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر مودر مارتن پرۆچازکا سەرۆکى زانکۆى پاڵاسکی لە کۆمارى چیک واژۆ کرد.
یاداشتەکە چەند بوارێکی بۆ پەرەپێدانى هاوکاری نێوان هەردوو زانکۆ لەخۆگرتووە، بەگوێرەی خاڵەکانى یاداشتنامەکە، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئاڵوگۆڕی ستافی ئەکادیمی، توێژەر و، سوود وەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر و ، ئاڵوگۆڕى فێرخوازان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی دوولایەنە و پرۆگرامی نێودەوڵەتى (ئیراسموس پڵەس)، هەروەک لە یاداشتناکەدا هاتووە؛ هەردولا پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی چەندین کۆنفرانسی ئەکادیمی هاوبەش لە پسپۆڕییە جیاکان، ئەوە جگە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆی پاڵاسکی بۆ دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر.
هەر بەپێى خاڵەکانى ئەو یاداشتانەى لێتێگەیشتنە؛ هەردوو زانکۆ کار دەکەن پێدانی بڕوانامەی هاوبەش و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ فێرخوازانیان بۆ بەشداریکردنیان لە خولەکانی ڕاهێنان و گەشتی خوێندن. هەربۆیە ئەم یاداشتنامەیە دەبێتە دەروازەیەى دیکەى گرنگ بۆ چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ئەنجامدانى کارى پێکەوەیی لەگەڵ زانکۆ ڕەسەن و پێشەنگەکان لە وڵاتانى جیهان.