زانکۆی جیهان وەک تاکە زانکۆی تایبەت بەشداری لە کۆنفرانسی زانستی پێوەرى ئەوروپى لە دڵنیایی جۆرى و متمانەبەخشین لە ئەڵمانیا دەکات
شاندێکی گروپی زانکۆکانی جیهان، بەسەرۆکایەتی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە کۆنفرانسی زانستی پێوەرى ئەوروپى لە دڵنیایی جۆرى و متمانەبەخشین لە شاری بۆخومی ئەڵمانیا دەکات.
لەو کۆنفرانسەکەدا، کە لهلایهن رێکخراوی نێودەوڵەتی هیومان رێستارت بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی باکووری راین (دۆسلدۆرف ) بەڕێوەدەچێ، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (٧/٥/٢٠٢٢) بەبەشدارى نوێنەری (١٨) وڵات کۆنفرانسەکە دەستی بەکارەکانیکرد، ئامانج لە بەستنی کۆنفرانسەکەش گفتوگۆکردن و چۆنیەتی سود وەرگرتن لە پێوهره نوێیهكانی ئهوروپا لهبارهی دڵنیایی جۆرى و متمانەبەخشین دەبێ، لەهەمان کاتدا بهراوردی پێوهرهكانی پهروهرده و کواڵیتى خوێندن له ئهوروپا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست و باکوری ئەفریقا دەکرێت.
لەو بوارەدا، لە بەشێکی کۆنفرانسەکەدا باس لە کواڵیتی خوێندن و هەڵسەنگاندنی توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکانی کوردستان کرا، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەوردی تیشکی خستەسەر بوارەکە و ڕونکردنەوەی پێویستی لەبارەی کواڵیتی خوێندن لە زانکۆکان و ئەو پێوەر و ستاندارە نێودەوڵەتیانەی باسکرد، کە لە زانکۆی جیهان-هەولێر پەیڕەو دەکرێن، بەتایبەت لە وەرگرتنی متمانەی ژمارەیەک لە دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ بەشەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر.
شاندی زانکۆکانی جیهان پێکهاتون لە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئومێد ڕەفیق فەتاح سەرۆکی زانکۆی جیهان-سلێمانی و، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر زێرڤان عبدالمحسن ئەسعەد سەرۆکی زانکۆی جیهان-دهۆک و، دکتۆر دلێر حسین قادر بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، هەربۆیە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، بەشداریەکی کارایان لە کۆنفرانسەکەدا کردوە و، چەندین دیدار و کۆبونەوەی زانستیان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە جیاکان ئەنجامداوە بەمەبەستی دروستکردنی پردی پەیوەندی زانستی و، سود وەرگرتن لە ئەزمونی ئەو زانکۆیانە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری ئاستی زانستی و دڵنیایی جۆری لە زانکۆکانی جیهان.
هەر لەو کۆنفرانسەدا، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، شاندێکی وەزارەتەکانی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، وەزارەتی پهروهرده بەشدارن، لەسەر ئاستی عێراقیش شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵایی عێراق بەشدارن و، لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا چەند بابەتێک لە بارەی (كوالیتی پهروهرده و خوێندنی باڵا لهسهر ئاستی جیهان) پێشکەش کرا.
واش بڕیارە لە ڕۆژی دوەمی کۆنفرانسەکەدا چەند لایەنێکی دیکەی کواڵیتی خوێندن و چۆنیەتی سود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتان لە کۆنفرانسەکەدا بخرێتەڕوو، پاشانیش بەچەند ڕاسپاردەیەکی گرنگ کۆنفرانسەکە کۆتایی بەکارەکانی بهێنێت.