سهرۆكی زانكۆی جیهان–ههولێر؛ پیرۆزبایی ڕۆژى جیهانى مامۆستایان لە مامۆستایانى کوردستان دەکات
ڕۆژى (٥/١٠) هەموو ساڵێک ڕۆژى جیهانى مامۆستایانە، هاوکات ڕۆژى (٦/١٠) هەموو ساڵێک ڕۆژى مامۆستایانى کوردستان، بەو دوو بۆنەیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە مامۆستایان دەکات، کە ئەمەش دەقەکەیەتى:
مامۆستایانى خۆشەویست
ڕۆژى جیهانى مامۆستایان و مامۆستایانى کوردستان پیرۆز بێت …
خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم بە بۆنەی ڕۆژى جیهانى مامۆستایان و، ڕۆژى مامۆستایانى کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایان بەگشتى و مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە تایبەتی بكەم، مامۆستا کە پێگەیەکى گەورە و گرنگ و پیرۆزیان لە پێگەیاندنى ڕۆڵەکانمان هەیە، هەمیشە کۆمەڵگە بە چاوى ڕێز و ڕێنیشاندەر لێیان دەڕوانێ، چونکە کادرى چالاک و کارامە لە بوارە جیاوازەکانى ژیان بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە و دامەزراوە جیاکان بەزانست و زانیارى نوێ گۆش دەکەن.
لەسەردەمى ئەمڕۆشدا کە بەسەردەمى جیهانگیرى ناسراوە ئەرکى مامۆستایان ئێجگار قورس و پیرۆزە، بۆیە لەم یادە جیهانیەدا ئەخوازم مامۆستایان بەردەوامى بدەن بەکاروانى خزمەت و گۆشکردنى نەوەکانى ئەمڕۆمان بەزانست و کارامەیی هاوچەرخ، چونکە داهاتووى کۆمەڵگەکانمان بەندە بەئاستى ئەو زانست و زانیاریانەى لەلایەن مامۆستایانەوە لە بوار و پسپۆڕییە جیاکان پێشکەش بەفێرخوازان دەکرێ.
لە کۆتایدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتن لە پڕۆسەى فێرکردن و خوێندن و پەروەردەکردن بۆ مامۆستایان دەخوازم.
پرۆفیسۆر
دكتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ
سەرۆکی زانکۆی جیھان – ھەولێر
٥/١٠/٢٠٢٣