سێیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى پەروەردە و زمان لە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆتایی بەکارەکانى هێنا
لە ڕۆژانى چوارشەممە و پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١-٢/٣/٢٠٢٣) بەچاودێرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆى جیهان-هەولێر، بەئامادبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، (سێیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى پەروەردە و زمان)ى بەڕێوەبرد و، بەخستنەڕووى کۆمەڵێک دەرئەنجام کارەکانى کۆنفرانس کۆتای هات.
لە میانەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا، (٦٠) توێژینەوە لە ڕێگەى چەند پانێڵێکى جیاواز، لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى ناوخۆیی و عێراق و نێودەوڵەتى پێشکەشکران، هەروەک دوابەدواى پێشکەشکردنى سەرجەم توێژینەوەکانى ئەو پانێڵانە، لەلایەن ئامادەبووان و بەشداربووانى کۆنفرانسەکە، چەندین پرسیار ئاراستەى توێژەران کرا، هاوکات بەشێک لە بەشداربووان بەسەرەنج و بۆچون و ڕەخنە زانستیەکانیان توێژینەوەکانیان دەوڵەمەنتر کرد، بەوەش کۆنفرانسەکە گڕوتینێکى زانستى زۆرى لە نێوان ئەندامانى کۆنفرانس دروستکرد، لەهەمانکاتدا توێژەران وەڵامى پرسیار و سەرەنج و بۆچوونى بەشداربوانیان دایەوە.
لە دواى نێوەڕۆى ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٢/٣/٢٠٢٣)، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە مەراسیمێک کۆتایى بەکارنامەى کۆنفرانسەکە هات، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان وتى: مایەى خۆشحاڵیمانە لە ماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوو نوخبەیەک لە توێژەران و ئەکادیمیستان و زانایان لێرە کۆبونەوە و بەشێوەیەکى چڕ لە ڕێگەى 15 پانێڵ گفتوگۆیەکى بەرهەدارتان کرد.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە خاڵێکى گرنگى کۆنفرانسەکە کرد و ڕایگەیاند: لە ماوەى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکەدا چەند توێژەرێک ئەو پرسیارانەیان لێکردین ئێتر چى لە توێژینەوەکانمان بکەین؟، بۆیە دواى بیرکردنەوەیەکى قوڵ بۆ بەدەستهێنانى وەڵامى ئەو پرسیارە، گەیشتمە ئەم بۆچونە: ” لە ڕاستیدا توێژینەوەى توێژەرانى زانستە مرۆڤایەتیەکان زیاتر بۆ بەرزکردنەوەى پلەى زانستیە، بەڵام هیوادارام توێژینەوەکانى ئێوە هەر لەسەر ورەقە نەمێننەوە، بەڵکو هەوڵەکانتان چڕ بکەنەوە تا بەشێوەیەکى پراکتیکى جێبەجێى بکەن، ئینجا پەیوەندى بەپەرپێدانى توانى مرۆیی هەبێ یان بونیادنانى سەرخانى کۆمەڵایەتى کۆمەڵگە، لە ڕووى کۆمەڵایەتى، ئابورى، سیاسى، یان کارگێڕى و هەر بوارێکى دیکە بێ”.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ چۆنیەتى پراکتیزەکردنى توێژینەوەکان هەر لە بوارى وەرزش بگرە تا پەروەردە، زمان، وەرگێڕان، بۆ هەموو ئەوانەش چەندین نمونەى زیندوى هێنایەوە، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە؛ هەر توێژینەوەیەک ئەگەر لەسەر ئەرزى واقیع نەتوانرا جێبەجێ بکرێ، ئەوا هەر لە بنەڕەتدا پێى ناوترێ توێژینەوەى زانستى، چونکە یەکێک لە میتۆدلۆلۆژیاى توێژینەوە گرفتى توێژینەوەیە، گرفت هەڵقوڵاوى ژینگەیەکى دیاریکراوە، دیاریکردنى ڕێگەچارەکان و پێشنیاز و ڕاسپاردەکانیش هەر بۆ هەمان ژینگە دەبێ ئینجا لە هەر کۆیەکى ئەم جیهانە بێت، ئەگەر وانەبوو، کەواتە دەبێتە وتارێکى ڕۆژنامەوانى نەک توێژینەوەى زانستى.
لە کۆتایدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سوپاس و پێزانینى تایبەت ئاراستەى هەموو ئەو کەسانە کرد، کە لەماوەى چەند مانگى ڕابردودا بۆ سەرخستن و بەستنى ئەم کۆنفرانسەدا کاریان کردوە، بەتایبەت هەریەک لە لێژنەکانى زانستى و ئامادەکارى کۆنفرانس، کارگێڕى و دارایى، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و، تەکنەلۆژیاى زانیارى هەروەها سوپاسى توێژەرانى کرد، کە بە توێژینەوە بەنرخەکانیان بەشداری کاریگەریان لە کۆنفرانسەکەدا کردوە و، تەوەرەکانى کۆنفرانسەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.
پاشان لەلایەن دکتۆر سیروان عبدالخالق سەرۆکى بەشى وەرگێڕان و ئەندامى لێژنەى ئامادەکارى کۆنفرانس ئەنجام و دەرئەنجام و پێشنیاز و ڕاسپاردەکانى کۆنفرانس خوێندرایەوە، کە تیایدا باس لە چارەسەرییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ئاستەنگێکیان بۆ فێربونى زمانى بیانى لە زانکۆکان کرابوو، بەتایبەت شێوازى کارامەیی فێربوون، لەهەمانکاتدا کۆنفرانس جەختى لەیەکخستنى کارى وەرگێڕان بەتایبەت بۆ زمانى کوردى کردەوە، هەروەها باس لە ئاڵنگارییەکانى تەکنەلۆژیا بۆ بوارى زمان و وەرگێڕان کرد، بۆ ئەوەش باس لە پێویستى فێرکردنى فێرخوازانى زانکۆ بە وەرگێڕانى ڕەسەن کردەوە، بۆ بوارى پەروەردە و وەرزشیش کۆنفرانس بە گرنگیەوە باسى لە ڕوڵى تەکنەلۆژیا لە پڕۆسەى پەروەردە کردەوە بەتایبەت چۆنیەتى سودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا بۆ فێرکردن و ڕاهێنانى فێرخوازان بەشێوەیەکى بەردەوام…لەگەڵ چەندین خاڵى دیکەى گرنگ کە بۆ ئەمڕۆ بازارى کارى کوردستان و بەرزکردنەوەى کارامەیی و لێهاتوی فێرخوازان گرنگن.
پاشانیش کورتە فیلمێک لەبارەى ڕووداوە و چالاکیەکانی سێیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى پەروەردە و زمان نمایشکرا.
لە بڕگەی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاس و پێزانینى پێشکەش بە قسەکارانى سەرەکى کۆنفرانس کرد، لەگەڵ دابەشکردنى بڕوانامەى بەشداربوون بەسەر توێژەران و ئامادەکارانى کۆنفرانسەکە. بەو شێوەیە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆتایی بەکارەکانى (سێیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى پەروەردە و زمان) هێنا، واش بڕیارە ئەنجام و دەرئەنجام و پێشنیازەکانى کۆنفرانس بەمەبەستى جێبەجێکردنى بەرز بکرێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.