
سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار سیمینارێکی هۆشیارکردنەوەى دەربارەی مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان ڕێکخست
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 19, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 18/11/2026، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود و، بە ئامادەبوونی مامۆستایان و، فێرخوازانی زانکۆ، سیمینارێکی هۆشیارکردنەوەی بۆ نەقیب محەممەد حەمید نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش/هەولێر لە هۆڵی (VIP) ی زانکۆ بەناونیشانى «هۆشبەر دژی ژیانە، هەڵبژاردنی خۆت بپارێزە» ساز کرد.
پۆلێنکردنی ماددە هۆشبەرەکان و، شێوازەکانی بەکارهێنان:
لە میانەی سیمینارەکەدا، نەقیب محەممەد حەمید ڕوونکردنەوەیەکی زانستی و، مەیدانیی وردی دەربارەی جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان و، پۆلێنکردنیان بۆ چوار گرووپی سەرەکی پێشکەش کرد، کە بریتین لە ماددە هێمنکەرەوەکان (وەک مۆرفین، هیرۆین، ترامادۆڵ، حەشیش و، مەریجوانە) و، ماددە چالاککەرەوەکان (وەک کریستاڵ، کەپتاگۆن، کۆکاین و، فێنتالین).
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا نەقیب محەممەد حەمید تیشکی خستە سەر سروشت و، سەرچاوەی ڕووەکە هۆشبەرەکان وەک کەنه بیس، خەشخاش (تلیاک)، ڕووەکی کۆکا، داتوورە، قات (خات) و، توباکۆ، لەگەڵ خستنەڕووی ئەو پێنج قۆناغ و، ڕێگەیەی کە ئالوودەبووان بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەیگرنە بەر، کە بریتین لە (جگەرەکێشان، هەڵمژین، بۆنکردن، قووتدان و، دەرزی لێدان).
لێکەوتە تەندروستی و، دەروونییەکانی ماددە هۆشبەرەکان:
لە بەشێکی تری سیمینارەکەدا، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش تیشکى خستە سەر مەترسی و، لێکەوتە وێرانکەرەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر تەندروستیی جەستەیی، دەروونی و، کۆمەڵایەتیی تاک؛ بەتایبەتی کاریگەریی ماددە مەترسیدارەکانی وەک هیرۆین و، کۆکاین لەسەر کۆئەندامی دەمار، تێکچوونی خەو، خێرالێدانی دڵ، پوکانەوەی گورچیلە، قەپاتبوونی بۆرییەکانی دڵ و، هەوکردنی جگەر، داڕووخانی کەسایەتی و، سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی خۆکوژی.
ڕێکارەکانی خۆپاراستن و، هۆشیارکردنەوەی فێرخوازان:
لە تەوەرێکی دیکەی سیمینارەکەدا، نەقیب محەممەد حەمید کۆمەڵێک ڕێنماییی گرنگی بۆ خۆپاراستنی فێرخوازان خستە ڕوو و، جەختی لەوە کردەوە کە دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و، نێرگەلەکێشان وەک قۆناغی یەکەم گرنگترین قەڵغانی پاراستنە لە تۆشبوون بە ماددەى هۆشبەر . هاوکات فێرخوازانی ڕاسپارد کە بە هیچ شێوەیەک دەرمان و، حەبە هێمنکەرەوەکان بەبێ ڕەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ بەکارنەهێنن، وتیشى لە شوێنە گشتییەکاندا زۆر وریابن لە وەرگرتنی خواردنەوە و، شیرینییەکان لە کەسانی نەناسراو، چونکە هەندێک ماددەی هۆشبەر تێکەڵ بە چا و، کێک دەکرێن.
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان داواشى لە فێرخوازان و گەنجان کرد، لە هەڵبژاردنی هاوڕێ و، ژینگەی کۆمەڵایەتیدا هۆشیار بن، بوێریی ڕەتکردنەوەی هەر فشارێکیان هەبێت، کاتە بەتاڵەکانیان بە وەرزش و، چالاکییە زانستییەکان پڕ بکەنەوە و، لە کاتی هەستکردن بە هەر حاڵەتێکی گوماناویشدا دەستبەجێ لایەنە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ پاراستنی ژینگەی زانکۆ و، کۆمەڵگە.
لە کۆتاییدا:
لە کۆتایی سمینارەکەدا دەرگای گفتوگۆ و، پرسیارکردن بۆ فێرخوازان و، مامۆستایانی ئامادەبوو کرایەوە و، جەخت لەسەر پاراستنی گەنجان لەم پەتایە کرایەوە، بۆ ئەوەش سەرۆکى بەشی کارگێڕیی کار سوپاسی نەقیب محەممەد حەمید و، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش/هەولێری کرد لە بەرامبەر ئەم دەستپێشخەرییە هۆشیارکردنەوەیە و، هاوکاریی بەردەوامیان بۆ پاراستنی گەنجان و، فێرخوازان.



