سەرۆکى بەشى زمانى ئینگلیزى لەزانکۆى جیهان-هەولێر لە ئەمریکا بەشدارى لە خولێکى ڕاهێنان دەکات
لە چوارچێوەى پڕۆگرامەکانى پەرەپێدانى تواناکان لە بوارى ڕێگەکانى وانەوتنەوەى مامۆستایانى زانکۆ، کە لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بەهاریکارى ڕێکخراوى (Amideast) نێودەوڵەتى بەڕێوەدەچێ، سەرۆکى بەشى زمانى ئینگلیزى لەزانکۆى جیهان-هەولێر لە ئەمریکا بەشدارى لە خولێکى ڕاهێنان دەکات.
مامۆستاى یاریدەدەر (پۆڵا تەحسین محەممەد)، سەرۆکی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە هەرێمى کوردستان دەستنیشانکراوە و، لەماوەى ڕابردودا گەیشتە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا و، لە زانکۆی ئارکانساس دەستى بەخولەکە کرد.
لەو خولەدا، کە بۆ ماوەی دە هەفتە بەردەوام دەبێ، چەندین بابەتى هاوچەرخ بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى و بەشێوەیەکى چڕ لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانى تایبەتمەند لە زانکۆکە پێشکەش دەکرێت، ئەوە جگە لە پێشکەشکردنى چەندین سمینار و وۆرکشۆپى هاوبەش لەلایەن مامۆستایانى زانکۆ لەسەرجەم ناوچە جیاکانى عێراق، هەروەها بەشداربووانی ئەم پرۆگرامە دەرفەتی بەشداریکردن لە وۆرک شۆپ و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی پەیوەندی ئەکادیمی لەگەڵ ستافی ئەکادیمی زانکۆی میوانداریان بۆ ڕەخسا، هاوکات لە پەراوێزى خولەکەدا بەشداربوان لە ڕێگەى کۆمەڵێک ڕووداو و چالاکیی کولتوری ئاشناى کەلتورى ویەلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا دەکرێن.
وەرگرتن لە پرۆگرامى فۆلبرایت لە ڕێگەى زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی زمان و ئاستى زانستی دەبێ، کە لەلایەن ڕێکخراوى نێودەوڵەتى ئەمیدەستەوە بەڕێوەدەچێ.