سەرۆکى زانکۆ، پیشانگەیەکى وێنەى ڕۆژنامەوانى فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندنى کردەوە
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پیشانگەیەکى تایبەتى وێنەى ڕۆژنامەوانى فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندنى کردەوە.
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٦/٤/٢٠٢٢) بەئامادەبونى ئامانج عەلى عوسمان سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن و، ئەندازیار بورهان بەڕێوەبەرى سێنتەرى ڕۆشنبیرى زانکۆ و، مامۆستایان و فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لەگەلەرى زانکۆ، پیشانگەى وێنەى ڕۆژنامەوانى فێرخوازانى قۆناخى یەکەمى بەشى ڕاگەیاندنى زانکۆى جیهان-هەولێر کرایەوە.
لەو پیشانگەیەدا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر دانا عوسمان ڕێکخرابوو، کۆمەڵێک وێنەى ڕۆژنامەوانى لەخۆگرتوو، وێنەکان لەلایەن فێرخوازانى قۆناخى یەکەم ئامادەکرابون و، هەریەکەیان گوزارشتیان لەبابەتێک لە بابەتەکانى ناو کۆمەڵگە دەکرد لە ڕونگەیەکى ڕۆژنامەوانیەوە بەتایبەت وێنەى سروشت و ژینگە و دۆخە مرۆییەکان.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى بەسەرکردنەوەى پیشانگەکەدا خۆشحاڵى خۆى پیشاندا، کە فێرخوازانى قۆناخى یەکەم توانیویانە ئەو وێنە ڕۆژنامەوانیانە بگرن، بۆ ئەوەش دواى دەستخۆشیکردن لە فێرخوازان پاڵپشتى زانکۆى بۆ فێرخوازان دوپاتکردەوە بۆ برەودانى زیاتر بەتوانا ڕۆژنامەوانیەکانیان بەتایبەت لە بوارى مەیدانیدا.