سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ جێگرى کونسڵى پۆڵندا باسى لە پەیوەندییە زانستیەکانى لەگەڵ زانکۆکانى ئەو وڵات کرد
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى دیدارێکدا لەگەڵ شاندى جێگرى کونسڵى پۆلندا لە هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەبارەى ئاستى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوانیان لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا کرد.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢٩/٥/٢٠٢٢) لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە دیدارێکیدا لەگەڵ (ستانیسواڤ گولینسکى) جێگرى کونسڵى پۆلندا لە هەرێمى کوردستان، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر لە چوارچێوەى سیاسەتى زانستى خۆیدا بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى لەگەڵ زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان، خاوەن پەیوەندییەکى بەتینە لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا.
هەر لە میانەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر بەوردى باسى لە ئاستى پەیوەندییەکان کرد و، ڕایگەیاند: تا ئێستا لەگەڵ زانکۆکانى پۆلندا چەندین کۆنفرانسى زانستى هاوبەشمان ئەنجامداوە، لەهەمانکاتدا لە ئێستا چوار فێرخوازى زانکۆکەمان لەو وڵاتە لە چوارچێوەى بەرنامەى ئیراسمۆس پڵس لە کۆرسێکى خوێندندان لە چەند ڕۆژى داهاتوشدا مامۆستایەکى زانکۆکان بەهەمان شێوە سەردانى ئەو وڵاتە دەکات، جگە لەوەش لەگەڵ چەند زانکۆیەکى دیکەى ئەو وڵاتە لە قۆناخى ئیمزاکردنى یاداشتنامەیەکى لێتێگەیشتنین بۆ ئەوەى بتوانن کارى پێکەوەیی ئەنجام بدەن بەتایبەت لە بوارى بەستنى کۆنفرانسى هاوبەش و ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى هاوبەش لە پێناو خزمەتکردن بەڕەوتى زانستى و بەرەوپێشبردنى لایەنى مەعریفى و ئاڵوگۆڕى زانستى.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕونیکردەوە وتیشى خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین کە وەک زانکۆیەکى پێشەنگ و تایبەت لە کوردستان هاوکار و پشتیوانى ئادریان چارنێکا، کە فێرخوازى دکتۆرایە لە فاکەڵتی زانستە سیاسییەکان و توێژینەوەکانی ئاسایش لە زانکۆى نیکۆلاوس کۆپەرنیکۆس لە شارى (ToRUŃ)ى پۆڵندا، بۆ ئەنجامدانى تێزى دکتۆراکەى کە لەبارەى پرسێکى گرنگى گەلەکەمان، ئەوەش سەربەخۆى کوردستانە، بەتایبەت لەم کاتەدا، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو جۆرە پاڵپشتى و هەماهەنگى و کارئاسانیەکى زانکۆى جیهان-هەولێری بۆ سەرخستنى توێژینەوەکەى لە کوردستان بۆ دوپات دەکەینەوە.
لە بەرامبەردا، جێگرى کونسڵى پۆلندا لە هەرێمى کوردستان خۆشحاڵى خۆى پیشاندا بەئاستى بەرەوپێشچوونى پەیوەندییە زانستیەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەگشتى و، زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت، دوپاتیشکردەوە کونسڵگەرى وڵاتەکەیان لە هەرێمى کوردستان هانى زانکۆکان دەدات بۆ پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکان، هەروەک جەختى لەسەر چارەسەرکردنى ئەو گرفت و ئاستەنگانەش کردەوە، کە دەبنە بەربەست لە بەردەم پێشخستنى پەیوەندییەکان.