سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پیرۆزبایی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەرگیراو لە خوێندنى ماستەر و دکتۆرا دەکات
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پیرۆزبایی لەسەرجەم ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە کرد، کە پرۆسەى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندنى دکتۆرا و ماستەر وەرگیراون.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٠/٧/٢٠٢٣) لە میانەى پێشوازیکردن و دیدارێکدا لەگەڵ مامۆستا و وانەبێژ و فەرمانبەرانى زانکۆى جیهان-هەولێر کە پرۆسەى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ درێژەدان بە خوێندنى دکتۆرا و ماستەر وەرگیراون، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتەیەکدا دواى پیرۆزبایکردن لەسەرجەم وەرگیراون، ڕایگەیاند: زانکۆکەمان خۆشحاڵە کە لە پرۆسەیەکى دیکەى زانستیدا نوخبەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرەکانمان لە کێبڕکێی زانستى بۆ بەدەستهێنانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا توانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن و، دەسکەوتى دیکەى زانستى بۆ زانکۆکەتان تۆمار بکەن، وتیشى ئەوەى زیاتر جێگەى خۆشحاڵیمانە، ژمارەیەک لە وەرگیراوان توانیویانە لە ڕێزبەندى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و وەرگیراندا لە پلەکانى یەکەمدا بن.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دوپاتیکردەوە کە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک پێشتر بەڵێنیداوە بەردەوام دەبێ لە پشتگیریکردن و هاندانتان بۆ تەواوکردنى ئەو پرۆسەیەى خوێندن بەسەرکەوتوویی، وتیشى تاقیگەکانى زانکۆ دەرگاى بەڕوتان کراوە دەبێ بۆ ئەنجامدانى توێژینەوە و تاقیکردنەوەکانتان، لەهەمان کاتدا بۆ بڵاوکردنەوەى توێژینەوەکانتان لە گۆڤارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان بەهەمان شێوە هاوکار و هەماهەنگتان دەبێ، ئەوە جگە لەوەى لە ڕوى کارگێڕییەوە پشتیوانتان دەبین بۆ تەواوکردنى ئەو قۆناغەى خوێندنتان لە ژینگەیەکى لەبار.
لە کۆتایی قسەکانیدا؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک پێشنیاز و ڕاسپاردە و ئامۆژگارى زانستى پێشکەش بە وەرگیراوانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان کرد، کە تایبەت بوون بەچۆنیەتى سوود وەرگرتن لە ماوەى خوێندن بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیان و ئەنجامدانى توێژینەوەى بەپێز و نوسینى نامەى ماستەر و تێزى دکتۆرا.
هەر لەو دیدارەدا، کە ژمارەیەک لە سەرۆکى بەشە زانستیەکان ئامادەیبون، مامۆستایان و فێرخوازانى وەرگیراو سوپاسى پاڵپشتى و پشتیوانیەکانى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ و سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، تەئکیدیشیان لەوە کردەوە کە ئەو زانست و زانیارییەى لە ماوەى خوێندن بەدەستى دەهێنن دەیخەنە خزمەت پرۆسەى خوێندنى زانکۆیی و پەروەردەکردنى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى باشتر.