سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە توێژەرانى بوارى نیوتریشن ئەڵمانى دەکات
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ دوو توێژەرى ئەڵمانى لە بوارى نیوتریشن گفتوگۆى لەبارەى چۆنیەتى هەماهەنگى و هاوکارى نێوانیان کرد.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٥/١٠/٢٠٢٣) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە هەریەک لە کارۆلین کرێشمار (Carolin Kretschmar) و، ئەمێلى هێلمان (Amelie Hellmann) لە زانکۆى هۆهێنهایم (University of Hohenheim) لە ئەڵمانیا کرد، لە دیدارێکدا کە بەئامادەبونى د.ساڵح زێبارى سەرۆکى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، ڕونیکردەوە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس یەکێک لە بەشە زانستیە گرنگەکان کە لە زانکۆى جیهان-هەولێر هەیە و، ساڵانێکە فێرخواز بۆ ناوەندە جیاکان و بازاڕى کار پێ دەگەێنێ، بۆ ئەوەش پێشنیازیکرد هاوکار بن بۆ واژۆکردنى ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەش لەگەڵ زانکۆى هۆنام () بۆ ئاڵوگۆڕى فێرخواز و ستافى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش بەتایبەت لە بوارى خوێندنى نیوتریشن و دایەتێتیکس، لە کۆتایشدا؛ سەرۆکى زانکۆ بانگهێشتى هەردوو توێژەرەکەى کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زانکۆى جیهان-هەولێر لە بوارى بایۆمیدیکاڵ و زانستە تەندروستیەکان، کە بڕیار وایە لە مانگى شوباتى ساڵى داهاتوو بەڕێوەبچێت.
لە بەرانبەردا، شاندى میوان خۆشحاڵى خۆیان بەو سەردانە و، دیداریان لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پیشاندا، هەروەک بە گرنگیەوە باسیان لە واژۆکردنى ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەش کرد و، دوپاتیان کردەوە لەو بوارەدا هاوکار و هەماهەنگ دەبن، لەهەمانکاتدا سوپاسى بانگهێشتکردنیان پێشکەش بەسەرۆکى زانکۆ کرد بۆ بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسى بایۆمیدیکاڵ و زانستە تەندروستیەکان.