سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و سەرۆکی زانکۆی یەگێلۆنیای پۆڵەندی ئاسۆکانی هاوکاریی ئەکادیمی و واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن تاوتوێ دەکەن
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تەممووز 15, 2026
لە پەراوێزی سەردانە زانستییەکەی لەگەڵ شاندنى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بۆ وڵاتی پۆڵەندا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر پیۆتەر یەدیناک (Prof. dr hab. Piotr Jedynak)، سەرۆکی زانکۆی یەگێلۆنیا (Jagiellonian University)، دیدارێکى تایبەت و گرنگى ئەنجامدا.
لە دیدارەکەدا، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، هەردوولا گفتوگۆی چڕیان دەربارەی دروستکردنی پەیوەندیی ستراتیژی و واژۆکردنی ڕێککەوتنامەیەکی هاوبەش ئەنجامدا.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر جەختی لە گرنگیی دروستکردنی پردی پەیوەندی زانستى زانکۆکەى لەگەڵ زانکۆی یەگێلۆنیا کردەوە، کە بە یەکێک لە کۆنترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی پۆڵەندا و ئەوروپا دادەنرێت و تەمەنی زیاتر لە ٦٠٠ ساڵە. سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر ئاماژەی بە پێویستیی ئاڵوگۆڕی مامۆستا، ستافی زانستی و فێرخوازان کرد، هاوکات پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن و ئەنجامدانی کۆنفرانس و توێژینەوەی زانستیی هاوبەشی وەک تەوەرە سەرەکییەکانی هاوکاریی داهاتووی نێوان هەردوو زانکۆ وەسف کرد.
تەوەرێکی تری گرنگی گفتوگۆکان تەرخانکرا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گۆڤارە زانستییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆی یەگێلۆنیا خاوەنی ژمارەیەکی بەرچاو گۆڤاری زانستیی ئاستبەرزە، هەر بۆیە خواستی زانکۆی جیهان-هەولێری نیشاندا بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی لیژنەی سەرپەرشتیاری گۆڤارەکانی ئەو زانکۆیە، بە مەبەستی پەرەپێدانی گۆڤارەکانی زانکۆی جیهان تاوەکو بگەنە ئاستی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و لە بنکە دراوەکانی وەک (Scopus) و (Clarivate) ئیندێکس بکرێن.
وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ داڕشتنى چوارچێوەیەکى یاسایی بۆ ئەم هاوکارییانە، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر ڕەشنووسی “یاداشتی لێکتێگەیشتن (MoU)”ی زانکۆکەی پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی یەگێلۆنیا کرد. لە بەرامبەردا، سەرۆکی زانکۆی یەگێلۆنیا ڕەشنووسی پێشنیازکراوی زانکۆکەی خۆی پێشکەش کرد، تاوەکو لەلایەن ئەنجومەنی هەردوو زانکۆوە تاوتوێ بکرێن و لە ئاییندەیەکی نزیکدا واژۆ بکرێن و بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر پیۆتەر یەدیناک، سەرۆکی زانکۆی یەگێلۆنیا، خۆشحاڵیی خۆی بەم دەسپێشخەرییە دەربڕی و بە گرنگییەوە باسی لە هەنگاوەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ دروستکردنی پەیوەندیی زانستیی نێودەوڵەتی. وەک دەربڕینی ڕێز و دۆستایەتیش، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لۆگۆی تایبەتی زانکۆی جیهان-هەولێری پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی یەگێلۆنیا کرد.



