شاندێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا، بە ئەندامیەتى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى (زانکۆی کشتوکاڵ لە کڕاکۆڤ)یان کرد
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تەممووز 18, 2026
لە درێژەی سەردانە فەرمییەکەیاندا بۆ وڵاتی پۆڵەندا، ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتی ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان سەردانی زانکۆی کشتوکاڵ لە کڕاکۆڤ (University of Agriculture in Krakow) یان کرد.
شاندەکە بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئەمیر چالی، بریکاری وەزارەت و، بە ئەندامییەتی دکتۆر محەمەد کەلاری، سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری، دکتۆر سەباح ئیبراهیم وەیس، ڕاوێژکاری وەزارەت، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و، سەرۆکى هەریەک لە زانکۆکانی (سەڵاحەدین، پۆلیتەکنیکی هەولێر، و تیشک) بوو.
بە گەیشتنیان بە گەرمى لەلایەن کتۆر سیلڤێستەر تابۆر (dr hab. inż. Sylwester Tabor, prof. URK) سەرۆکى زانکۆی کشتوکاڵ لە کڕاکۆڤ (University of Agriculture in Krakow) پێشوازییان لێکرا، پاشان لە کۆبونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر مارسین ڕاپاچ (Prof. Dr. Marcin Rapacz) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی (Vice-Rector for Science) بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چەندین خاڵى هاوبەشى نێوان زانکۆى کشتوکاڵ لە کڕاکۆڤ و زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرا.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، تاوتوێى پەیوەندییە ئەکادیمییەکانى نێوان هەردولا کرا بۆ ئاڵوگۆڕى فێرخوازان و مامۆستایان و ئەنجامدانى کۆنفرانس و پرۆژەى توێژینەوەى هاوبەش و سەردانیکردنى وەفدى هەردوولا بۆ هەرێمى کوردستان و پۆڵندا، هەروەها زانکۆى کشتوکاڵ لە کڕاکۆڤ بەڵێنى هەموو جۆرە هاوکارى و پەیوەندییەکى ئەکادیمى و کەلتوری لە گەڵ هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە.
لەلایەکى دیکەوە هەردولا جەختیان لە گرنگی دروستکردنى پەیوەندى زانستى و سوودوەرگرتن لە ئەزمونى جیاوازى هاوبەش کردەوە بۆ پێشخستنى کەرتى خوێندنى لە هەرێمى کوردستان و پۆڵندا.



