
فێرخوازانى بەشى ئەندازیاریی تەلارسازیی بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشنایی لایەنى تەلارسازى باڵەخانە شوێنەوارییەکان دەکرێن.
- Categories بهشی ئهندازیاری تهلارسازی
- Date ئەیلوول 23, 2026
ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 21/09/2026، سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی سەردانێکی زانستیی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی پێنجەم بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆر دکتۆر ڕەشید حامید یاسین ڕێکخست.
لە میانەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان گەڕەکى (تەعجیل)یان لە نزیک قەڵای هەولێر بەسەرکردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار فێرخوازان دابەشى سەر چوار گروپ کران، بە مەبەستی شیکردنەوەی بەکارهێنانی زەوییەکان، کەرهەستەکانی بیناسازیی، بەهای کەلەپووریی و هەڵسەنگاندنی باری فیزیکیی تەلارەکان.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەماوەى مانەوەیان لە شوێنەکە فێرخوازان بەدواداچوونی وردیان بۆ باڵەخانەکان، هونەری شارستانیی، باری شەقامەکان و پەیوەندی نێوان ژینگەی دروستکراو و چوارچێوەى مێژوویی ناوچەکە کرد.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازان زانیاری و سەرنجە کۆکراوەکان پاشەکەوت کرد تاوەکو بۆ بەڵگەدارکردنی ڕەوشی ئێستای ناوچەکە و، داڕشتنی ستراتیژیی گونجاو بۆ نوێکردنەوەی شارستانیی لە زانکۆ گفتوگۆیى زانستى وردیان لەبارەوە بکەن، بەتایبەت لە چۆنیەتى پاراستنی باڵەخانەکان، نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانەوەیان بەپێی بەهای کەلەپووریی و باری فیزیکیی هەر شوێنێک.



