فێرخوازانى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى بەشێوەیەکى مەیدانى وانەیەکى زانستى لە نەخۆشخانەیەکى هەولێر وەردەگرن
بەئامانجى ڕاهێنانى فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانى لەسەر بابەتە زانستیەکانیان، سەرۆکایەتى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر وانەیەکى زانستى لە نەخۆشخانەى هەولێرى نێودەوڵەتى بۆ فێرخوازان ڕێکخست.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٥/٩/٢٠٢٤) فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر عومەر عادل محمد سەرۆکى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى، لە نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن نافيد عەبدولکەریم پسپۆڕی تیشکدانەوە پێشوازییان لێکرا، پاشان بەشەکانى تاقیگەکانى نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاشناى تەکنیکەکانی ئامێری تیشکی ئێکس کران، بۆ ئەوەش نافید عەبدولکەریم بەشێوەیەکى زانستى باسى لە ئامێرەکانی تیشکی ئێکس بۆ فێرخوازان کرد و، کورتەیەکى لەبارەى چۆنیەتى کارکردنى ئامێرەکەى بۆ فێرخوازان کرد، دواتر باسى لە قەبارەى وێنەى ئێکس و بۆری تیشکی ئێکس و، شێوەی تیشکی ئێکس کرد، لەگەڵ باسکردن لەو تۆڕەی کە یارمەتی کەمکردنەوەی تیشکی پەرشوبڵاو و باشترکردنی کوالێتی وێنە دەدات.
وانە مەیدانیەکە بووە دەرفەتێکى گرنگ بۆ فێرخوازانى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى بۆ چۆنیەتى کارکردن و ڕاهێنان لەسەر ئامێری تیشکی ئێکس لە نەخۆشخانەکان و گەشەپێدان و پتەوکردنى ئەزمونى پیشەییان بۆ داهاتوو.